وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هاوکاری کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان دەکات

"بۆ ئەوەی مایەپووچ نەبن 25 ملیار دۆلاریان پێدەدرێت"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بە مەبەستی رزگاركردنی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی وڵاته‌كه‌ی، چەندین پلان دەخاتەڕوو.

وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رێككەوتنی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی گواستنەوەی ئاسمانی لە ئەمەریكا ئەنجامداوە و بەپێی رێككەوتنەكە، رێگە بەو كۆمپانیانە دەدرێت ھاوكاری دارایی لەحكوومەتەوە وەرگرن، بۆ ئەوەی له‌ مایەپووچ بوون رزگاریان بێت، ھاوكارییەكەش بەبڕی 25 ملیار دۆلارە و رێگەیان پێدەدات تا مانگی ئەیلوول مووچە بە كارمەندەكانیان بده‌ن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا راشیگەیاند، رێككەوتنەكە لەگەڵ 10 كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەنجامدراوە و لە نێویاندا چوار كۆمپانیای گەورە ھەن، ئەوانەش، ئەمریكان ئێرلاینز، دەلتا، یونەیتد و ساوس وستنە.

ئەوەش لە كاتێكدایە زیاتر لە 750 ھەزار كەس بەشێوەی راستەوخۆ لە كەرتی گواستنەوەی ئاسمانی لە ئەمەریكا كاردەكەن و ئەو كەرتەش بەھۆی خێرا تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گورزی گەورەی بەركەوتووه‌.