بەڕێوەبەری تاقیگەی ووهان روونکردنەوە دەدات
گومان دەکرێت لەو تاقیگەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا دزەی کردبێت
K24 – ههولێر:
بەڕێوەبەری ئەو تاقیگەیەی چین کە ئەمەریکا گومانی هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوێ دروستکرابێت، دەڵێت، ئێمە بە هیچ جۆرێک هۆکار نین.
پزیشکانی چین پێشتر رایانگەیاندبوو، ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتە بۆ مرۆڤ و باسیان لەو بازاڕەش کرد کە ئاژەڵی جیاوازی بۆ خواردن تێدا دەفرۆشرێت.
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا گومانی هەیە و لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی دەکەن تاوەکو بزانن ڤایرۆسەکە لەکوێوە هاتووە.
لە چاوپێکەوتنێک، یوان ژیمینگ، بەڕێوەبەری تاقیگەی ووهان دەڵێت، مەحاڵە ئەو ڤایرۆسیە لای ئێمەوە بڵاوبووبێتەوە و هیچ کەسیش لە تیمی ئێمە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە. ئێمە بەردەوامین لە توێژینەوەکانمان لەبارەی ڤایرۆسەکان.
پێشتر رۆژنامەی واشنتن پۆست و فۆکس نیوز، لە دوو راپۆرتدا ئاماژەیان بەوەکردبوو، چەند سەرچاوەیەک پێی راگەیاندوون، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکەی ووهان دزەی کردووە.
لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێرشی تووند دەکاتە سەر چین و بە شاردنەوەی داتا و زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا تۆمەتبار دەکات. سووریشە لەسەر ئەوەی، لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بە تایبەت دوای ئەوەی جارێکی دیکە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین هەڵکشا.
France24