ترەمپ بە تویتێک موسوڵمانان نیگەران دەکات

باس لە جیاوازییەکی "گەورە" دەکات

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە جیاوازی لە نێوان ئاینەکان لە ئەمەریکا دەکات.

ترەمپ نووسینێکی پاول سپێری، نووسەر و رەخنەگەری سیاسی ئەمەریکا لە تویتەری خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا پاول سپێری دەڵێت، با ببینن دەسەڵاتداران رێنمایی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بەسەر مزگەوتەکان دەسەپێنێت لە رەمەزاندا هاوشێوەی ئەوەی کردیان بەرامبەر کلێساکان لە جەژنی ئیستەر.

لەبارەی ئەمە، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیی، پرسیار لە ترەمپ کرا و ئەویش گووتی، لەم وڵاتە بە بەروارد بە 10 ساڵی رابردوو جیاوازی زۆر دەکرێت. ئێستا دژە ئیسرائیلبوون زۆربووە.

راشیگەیاند، دیموکراتەکانی وڵاتەکەی ئەوەندەی چاودێریی کلێساکان دەکەن، ئەوەندە چاویان لە مزگەوتەکان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، من لەگەڵ ئەوەم ئاینەکان بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام سیاسەتمەدارەکان جیاوازیی لە نێوانیان دەکەن. نازانم چی بەسەر ئەم وڵاتە هاتووە، کریستیانەکان زۆر بەشێوەیەکی نایەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بە بەروارد بە 10 ساڵی رابردوو.