عێراق داوای کەمکردنەوەی خەرجی لە کۆمپانیاکانی نەوت دەکات

دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات

K24 - ھەولێر

بەغدا ئامادەکاری بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، بۆ کەمرکردنەوەی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان بە رێژەی 30%، بێ ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

عەبدولحوسێن هەنین، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکوومەتی عێراق، وەزارەتی نەوتی راسپاردووە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە گفتوگۆ بکات، بۆ ئەوەی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و بودجەی بەکاربردن کەم بکەنەوە، بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هەبێت.

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هەوڵە بۆ زیادکرنی داهاتە لە هەر بەرمیلێك، و پێشبینیش دەکات وەزارەتی نەوت سەرکەوتوو بێت لە دانوستاندنەکان بە کەمکردنەوەی خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان.

گوتیشی، کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بەرژەوندیان لە عێراق هەیە و هاوکاری وەزارەتی نەوت دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی و لوک ئۆیلی رووسی و بی پی بەریتانی کۆمپانیا چین و مالیزییەکان بگاتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی بودجەی بەکاربردنیان بۆ ئەمساڵ بە رێژەی لە سەدا 30 دابەزێنن ئەوەش نزیکەی سێ ملیار دۆلار بۆ بودجەی وڵات دەگەڕێنێتەوە. کە بودجەی عێراق بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.