ھۆشداری لە كارەساتی ئابووری عێراق دەدرێت

داوای هه‌مه‌جۆركردنی سەرچاوەكانی داھات لە بواری وزە دەكات

K24 - ھەولێر

وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، ھۆشداری لە كارەساتی ئابووری لە عێراق دەدات و داوای هه‌مه‌جۆركردنی سەرچاوەكانی داھات لە بواری وزە دەكات.

جەبار لعێبی، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق ھۆشداری دەدات لەوەی، ئه‌م دۆخەی ئێستا لە عێراقدا ھەیە، كارەساتێكی گەورەی ئابووری و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە.

 جەختیشیكردەوە، نابێت تەنیا پشت بەو داھاتە ببەسترێت لە نەوت تۆماردەكرێت، بەڵكو دەبێت سەرچاوەكانی داھات لە بواری وزەدا جۆراوجۆر بكرێت، بۆ نموونە وەبەرهێنان لە گاز و دواتر بەرھەمەكانی ھەناردە بكرێت.

لعێبی ئاماژەی بەوەشدا، دابەزینی نرخی نەوت بۆ كەمترین ئاست دۆخی ئابووری وڵات خراپتر دەكات، بەوەش مەترسییەكان زیاتر ده‌بن، بۆیە پێویستە بیر لە داھاتی زیاتر بكرێته‌وه‌.