هاتوچۆی شەمەندەفەرە چینییەکان بۆ ئێران زیادی کردووە
ئامار و داتاکانی کەرتی گواستنەوە دەریدەخەن، ژمارەی ئەو شەمەندەفەرە چینییانەی بەرەو ئێران بەڕێدەکەون گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. بەپێی ئامارەکان، هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان لە حەوت شەمەندەفەر لە ساڵێکدا بۆ سێ شەمەندەفەر لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک ئێستا مانگانە زیاتر لە 100 شەمەندەفەر لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەکەن.
ئەم جموجوڵە بازرگانییە نیشانەی زیادبوونی پشتبەستنە بە رێڕەوە وشکانی و ئاسنینەکان لە سایەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی گواستنەوەی دەریایی بوونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزارییەکان، دامەزراوەی هێڵی ئاسنینی ئێران ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لە راگرتن یان سنووردارکردنی هاتوچۆی شەمەندەفەرە چینی و رووسییەکان لە رێگەی تورکمانستان و کازاخستانەوە دەکەن. دامەزراوەکە جەختی نەکردەوە، پرۆسەی پێشوازیکردن و ناردنی شەمەندەفەرەکان لە رێگەی دەروازەکانی سەراخس و ئینشبوورون بەشێوەیەکی ئاسایی و بێ پچڕان بەردەوامە.
گواستنەوەی کاڵا لە چینەوە بۆ ئێران لە رێگەی کازاخستان و تورکمانستانەوە گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، تورکمانستان وەک خاڵێکی ستراتیژی لەنێوان ئێران، ئاسیای ناوەڕاست، چین و رووسیا هەژمار دەکرێت، چونکە بەشێکی لقە رۆژهەڵاتییەکەی رێڕەوی باکوور-باشوور بە خاکەکەیدا تێپەڕ دەبێت و قەبارەی ئەو کاڵایانەی ساڵانە لەو رێگەیەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، دەگاتە نزیکەی 4 ملیۆن تۆن.
سەبارەت بە رێڕەوە بازرگانییەکان، دوو رێڕەوی سەرەکی لە چینەوە بۆ ئێران هەن.
رێڕەوی یەکەم: دوای تێپەڕبوون بە کازاخستان و تورکمانستان، لە رێگەی دەروازەی ئینشبوورونەوە دەچێتە ناو خاکی ئێران.
رێڕەوی دووەمیش: کاڵاکان لە رێگەی دەریای قەزوینەوە لە بەندەری ئاکتاوی کازاخی دەگەیەنێتە بەندەرە باکوورییەکانی ئێران.
ئێستا توانای گواستنەوەی هەردوو دەروازەی سەراخس و ئینشبوورون دەگاتە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.
دامەزراوەی هێڵی ئاسنینی ئێران ئامانجیەتی لە رێگەی فراوانکردنی هێڵەکان، زیادکردنی کەرەستەکانی بارکردن و دابەزاندن و باشترکردنی رێکارە لۆجستیکییەکان، ئەو توانایە بۆ زیاتر لە 10 ملیۆن تۆن بەرز بکاتەوە. لە ئەگەری نەبوونی ئاستەنگ و بەربەستەکان، گواستنەوەی کاڵا لە چینەوە بۆ ئێران بە هێڵی ئاسنین نزیکەی 3 بۆ 4 هەفتەی پێدەچێت.