کەرتی نەوت و گازی ئەمەریکا 51 هەزار دەرفەتی کاری لەدەستدا

مەترسی زیاتری لەسەرە

K24 - ھەولێر

لە مانگی ئادار کەرتی نەوت و گازی ئەمەریکا 51 هەزار دەرفەتی کاری لەدەستداوە.

بەو گوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای توێژینەوەی بی ئێم، کەرتی نەوت و گازی ئەمەریکا لە مانگی ئاداردا 51 هەزار دەرفەتی کاری لە بواری پاڵاوتن و گەڕان بە دوای نەوتدا لە دەستداوە، و پێشبینیش دەکرێت ئەگەر ئەم دۆخە زیاتر درێژە بکێشێت و نرخی نەوت بەو شێوەیە لە داڕمان بێت ئەوا هەزاران کاری دیکەش مەترسی نەمانیان لەسەرە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەرتە 15 هەزار کاری دیکەی لە بواری بنیادنان و پیشەسازی و گواستنەوەی ئامێرەکانی هەڵکۆڵین لە دەستداوە، و بە گوێرەی خەملاندنەکان کەرتی نەوت و گازی ئەمەریکا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 30% کارەکانی لەدەستدەدات.

فیلیپ جۆردن، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای توێژینەوەی بی ئێم بۆ ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاندووە، ئەو کارانەی لەم چەند مانگەی رابردوو نەماون هۆکاری گەشەی دەرفەتی کار بووە، لە 5 بۆ 7 ساڵی رابردوو، و دۆخەکەش زۆر خراپتر دەکات ئەوەیە، کە ئەوەی روودەدات تەنیا سەرەتایە.