پزیشكان بە ھانای (عەلی عاشق)ـەوە دەچن
تیمێكی پزیشكانی سۆران چارەسەری عەلی عاشق دەكەن
K24 - سۆران
دوای ئەوەی عەلی عاشق تەندروستی تێكچوو، تیمێكی پزیشكانی سۆران بە ھانایەوە چوون و چارەسەری پێویستیان بۆ كرد.
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای گەیاندنی داواکاری بە نەخۆشخانەی ئاشتی کە تەندروستی (عەلی ئاشق) نالەبارو باش نییە، بۆئەم مەبەستە لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی، تیمی گەڕۆکی نەخۆشخانە راسپێردار سەردانی ماڵی عەلی ئاشق بکات و بەزووترین کات هەرچی پێداویستی و دەرمانی پێویست بوو بۆمان برد و چارەسەری تەندروستی پێویستی بۆکرا"
عەلی عەبدوڵڵا، ناسراو بە (عەلی عاشق)، خەڵكی گوندی سرێشمەی سەر بە شارەدێی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران، زیاتر لە 65 ساڵە بەھۆی دابڕانی لە مەعشوقەكەی یاخی بووە و ژیانی تەنیایی ھەڵبژاردووە، لەو ماوەیەدا تائێستا لە ماڵێكی بچووكدا لە گەلی عەلی بەگ ژیان بەسەر دەبات.
