48 كاتژمێر مۆڵەت دەدرێتە كازمی

شیعەکان بەشێکی کاندیدەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی رەتدەکەنەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/74db34cd-f991-4447-8719-3e31681dec51/042520HBG.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی لایەنە سیاسییەکانی شیعە، لەبارەی کابینە پێشنیازکراوەکەی مستەفا کازمی، بڕیاریاندا بە رەتكردنەوەی بەشێکی زۆری کاندیدانی وەزارەتەکان. پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاساش ئاشکرایکرد، 48 کاتژمێر مۆڵەت دراوەتە سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو، بۆ گۆڕینی ناوی ئەندامانی کابینەکەی و کازمیش لەسەر گۆڕینی ناوی بەشێکییان رەزامەندبووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی فەتح، کازمی رازیبووە لەسەر ناوی بەشێک لە وەزیرەکان، بە تایبەت کاندیدی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و لاوان.

گاتع نەجمان روکابی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، 48 کاتژمێر مۆڵەت دراوەتە سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو، بۆ گۆڕینی ناوی بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی.

بەگوێرەی پێشبینی روکابی، دوای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەیەکدا دەنگ لە سەر 15 کاندیدی وەزارەتەکان دەدات.

ئەوەی جێگەی سەرنجە نەتەوە یەکگرتووەکانیش خراوەتە نێو بازنەی ناکۆکییەکانەوە. لەمبارەیەوە مەیزەر حەمادی سوڵتان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پارێزگای نەینەوا دەڵێت "هەرکاتێک کار دەگاتە سەر پێکهێنانی حکومەت، جێنین پلاسخارت دێت و رای خۆی بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێکی سیاسی دەسەپێنێت و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانیش بە تراویلکە ناودەبات".

لەگەڵ ئەم هەموو کاردانەوانەی لەسەر ناوی ئەندامانی کابینەی نوێ کەوتوونەتەوە، کەچی فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندووە، ئەو ناوانەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە راست نین، تا ئێستا گفتوگۆی مستەفا کازمی لەسەر ناوی ئەندامانی کابینەکەی کۆتایی نەهاتووە.

9ی ئەم مانگە مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا، پێویستە بەر لە تێپەڕبوونی 30 رۆژ، بەسەر ئەو وادەیە، کابینەکەی پێکبێنێت.