35 تەن خورمای ماوە بەسەرچوو لە ھەولێر دەستی بەسەردا گیرا

لە كۆگایەك ھەڵگیرابوو

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە ھەولێر لەناو كۆگایەكدا، دەست بەسەر 35 تەن خورمای ماوە بەسەرچوودا گیرا.

ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە پشت بەستن بە زانیاری ھاووڵاتییان و بەھاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بەحركە و چاودێری بازرگانی ھەولێر، توانیمان دەست بەسەر 35 تەن خورمای ماوەبەسەرچوودا بگرین و رێگریمان لەوە كرد بخرێتە بازاڕەوە".

روونیكردەوە: "ئەو خورمایە ھەم ماوەی بەسەرچووە، ھەمیش شوێنەكەی گونجاو نییە بۆ كۆگا كردنی خورما، بۆیە بڕیاری لەناوبردنی خورماكەمان داوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "بەدواداچوونمان كردووە ئەو جۆرە خورمایە نەبراوەتە بازاڕ".

راشیگەیاند: "ساڵانە ھەندێك كەس لە مانگی رەمەزان پەنا بۆ ئەوە دەبەن، ئەو خۆراكانەی خواستیان لەسەرە بە نایاسایی لە بازاڕەكان ساغی بكەنەوە".