رێبوار تەھا: راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان فشارێكی سیاسییە
"كاتەكەیان بە ھەل زانیووە"
K24 - كەركووك
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە فشارێكی سیاسییە و دۆخەكەیان بە ھەل زانیوە.
رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لای ئێمە كاتی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە لەلایەن حكومەتی عێراق، ھەشت مانگ لەمەوبەریش حكومەتی ھەرێم 250 بەرمیل نەوت نەناردبوو، بۆ ئەو كات مووچە نەدەبڕا، بەڵام بەداخەوە لەم كاتەدا بە ھەلیان زانیوە، فشار دروست بكەن، چونكە ئێستا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە، نەوتیش داھاتی سەرەكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەمە فشارێكی سیاسییە".
گوتیشی: "دەسەڵاتدارانی بەغدا بوونەتە دوو گرووپ، یەكێكیان زۆر دژی ھەرێمی كوردستانە و دانوستان لەگەڵیان ناكرێت، بەڵام گرووپێكی دیكەش ھەن شاندی حكومەتی ھەرێم دەتوانێت لەگەڵیان بگەینە رێككەوتن".
سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نوێی عێراق، رێبوار تەھا ئاماژەی بەوەكرد: "ئەوەی كە كێشەی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی عێراق دورستكردووە، ململانێی نێوان شیعەكانە".
ئەو پەرلەمانتارە، لەبارەی دۆخی ئەمنی كەركووك گوتی: "بەداخەوە تائێستا حكومەتی عێراق پاراستنی كەركووكی بە گرنگ نەزانیوە، كاتی ئەوە ھاتووە كە ھەردوو حكومەتی ھەرێم و عێراق رێككەوتن لەسەر ئەم بابەتە بكەن".