پارێزگاری بەسرە ھۆشداری دەداتە كۆمپانیاكانی نەوت

كێشەی دوورخرانەوەی كارمەندان ھەیە

K24 - ھەولێر

ئیدارەی خۆجێی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، رێگە نادەن کۆمپانیا نەوتییە ناوخۆیی و بیانییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارەمەندەکانیان لە کار دوور بخەنەوە.

ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پارێزگای بەسرە رێگە بە هیچ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی یان بیانی نادەن کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی کارمەندانی خەڵکی بەسرە بهێنن یاخود لە کارەکانیان دووریان بخەنەوە.

پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوەشدا، ئیدارەی خۆجێیی لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، کە نوێنەرانی لایەنە ئەمنییەکان و وەزارەتی نەوت و نووسینگەی پارێزگاکەی تێدایە.

هاوکات عیدانی دەشڵێت، بۆ ئەو بابەتەیان بە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران و وەزارەتی نەوت و ئیداری کۆمپانیای نەوتی بەسرە راگەیاندووە، پێیان گووتوون بە هەموو شێوەیەکی یاسایی پشتیوانی لە کارمەندانی پارێزگاکەیان دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند کۆمپانیایەک کە لە کێڵگەکانی زوبێر و رومێلە کاردەکەن، بە کارمەندەکانیان راگەیەندووە، گرێبەستەکانیان لە کۆتاییەکاندایە و بەهۆی دۆخی تەندروستی و داڕمانی نرخی نەوت لە کارەکانیا دوور دەخرێنەوە.