رێژەی ھەژاری لە عێراق بەرزدەبێتەوە
لە ھەندێك پارێزگا رێژەكە زیاترە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت، ھەژاری لە سەرتاسەری وڵاتەكە بۆ لە 20% زیادی كردووه.
نووری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاند، بەگوێرەی كۆتا رووپێوی وەزارەتەكەی، كه لە 2018 ئەنجامیداوە، ھەژاری لە عێراق بۆ لە 20% زیاد دهبێت و زۆرترین رێژەش دەكەوێتە پارێزگاكانی باشوور.
دلێمی ئاماژەیداوە، ئەو رێژەیە لە پارێزگاكانی باشووری عێراق رۆژ دوای رۆژ بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێك تەنیا لە پارێزگای موسەننا دەگاتە 52% و رێژەكە لەنێوان پارێزگاكاندا تۆماركراوە ، بەپێی چالاكییە ئابوورییەكانی ھەر پارێزگایەك، پێشبینی دەكرێت تێكڕای ئەو رێژەیە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەرزتر بووبێتەوە، بەو پێیەی كە ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەت كارەكانیان لەدەستداوە، ئێستا سەرچاوەی بژێوی دیكەیان نەماوە، سەبارەت بە رێژەی بێكاریش بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەكە گەیشتووەتە 13.8%.