هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەستیپێکردەوە

دوای ئەوەی لە هەفتەی پێشووتر هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە سفر، جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە و هەفتەی رابردوو رۆژانە 38 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو عێراق رۆژانە 38 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکا کردووە، بەمەش لە ریزبەندی گەورەترین دابینکەرانی نەوت بۆ ئەمریکا دێت.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، کەنەدا بە دابینکردنی 4 ملیۆن و 11 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە پێشەنگی وڵاتانی هەناردەکاردا دێت و جیاوازییەکی بەرچاویشی لەگەڵ رکابەرەکانیدا هەیە، ڤێنێزوێلا بە 598 هەزار بەرمیل لە پلەی دووەم و سعوودیە بە 379 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەدان.

مەکسیک بە 210 هەزار بەرمیل لە پلەی چوارەم، بەرازیل بە 137 هەزار بەرمیل لە پلەی پێنجەم، کۆلۆمبیا بە 111 هەزار بەرمیل لە پلەی شەشەم و ئیکوادۆر بە 101 هەزار بەرمیل لە پلەی حەوتەم دێن. نایجیریا بە 71 هەزار بەرمیل لە پلەی هەشتەم، عێراق لە پلەی نۆیەم و لیبیا بە هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پلەی دەیەم دێن.

ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەنەدا دەبەستێت بۆ دابینکردنی زۆربەی پێداویستییەکانی نەوتی خاوی هاوردەکراو، ئەم دۆخەش لەکاتێکدایە کە قەبارەی ئەو نەوتەی لە وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەرەوە دەگات، جیاوازیی بەرچاوی لەگەڵ کەنەدا هەیە.