منداڵێکی پێنج ساڵ ئۆتۆمبێلی باوکی دەبات و پۆلیس دەیوەستێنێت

وەڵامێکی سەیری پۆلیسی داوەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

لە ویلایەتی یوتای ئەمەریکا، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ، ئۆتۆمبێلی باوکی دەبات و لەسەر رێگایەکی خێرا پۆلیس دەیوەستێنێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیان، پۆلیس کاتێک ئەو منداڵەی وەستاندووە، لێی پرسیوە بۆ کوێ دەچیت، منداڵەکە رایگەیاندووە، دەچێت بۆ کالیفۆرنیا و ئۆتۆمبێلێکی جۆری لامبۆرگینی دەکڕێت.

کاتێکیش پۆلیس دەیپشکنن، تەنها سێ دۆلار لە گیرفانی بووە.

پۆلیسی شاری سۆڵت لەیک ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کاتێک لەگەڵ دایکی منداڵەکە قسەیان کردووە، دایکی گوتوویەتی، منداڵەکەی تووڕە بووە کاتێک دایکی پێی وتووە، ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای بۆ ناکڕێت.