وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەبارەی دەستپێكردنەوەی دەوام روونكردنەوە دەدەن
ھەموو ھەوڵێك دراوە كە خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ھەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا بەشداریان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كرد و زانیاری و داتایان لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ خستەڕوو.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی توانیوانە ھیچی مەترسییەك لەسەر داھاتووی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ نەھێڵن و داتای زیاتر لە شەش ھەزار قوتابخانە و زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی و زیاتر لە 100 ھەزار مامۆستا تۆمار بكەن.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشكرد، بە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی مامۆستا و قوتابییان لەگەڵ یەكتری قسە دەكەن و وانەكانیان پێدەگات.
راشیگەیاند، لەماوەی نۆ رۆژدا 547 ھەزار قوتابی و مامۆستا ھەژمارەكانیان لە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی چالاك كردووە و پلاتفۆڕمەكە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەتسھێناوە.
وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەوە رێككەوتوون، دەرگای قوتابخانەكان لە پۆلی یەك تا 11 بۆ تاقیكردنەوەكان بكەنەوە، لەژێر رێنماییە تەندروستییەكان و جەختیشی كردەوە، 17% كۆی وانەكانی قوتابخانەكان لەنێو پۆلەكان خوێندراوە.
جەختیشی كردەوە، پلانیان بۆ ساڵی داھاتووش داڕشتووە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی لە وەرزی پاییز، بتوانن خوێندنی ساڵی داھاتوو نەفەوتێت.
ھەروەھا ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "دڵنیایی دەدەین كە ھەموو ھەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵی زانكۆ و پەیمانگاكان نەفەوتێت".
روونیكردەوە: "لە ساڵی خوێندنی 2019-2020 ماوەی 22 ھەفتە بەبێ ھیچ گرفتێك دەوام لە زانكۆ و پەیمانگاكان كراوە، ئەگەر پشووی ساڵانەی لێدەركەین تائێستا ئەمساڵ شەش ھەفتەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان نەكراوە، دەتوانین بڵێین ئێستا دۆخی خوێندن لەژێر كۆنترۆڵ دایە، بەڵام ئەگەر مانگی شەش نەتوانین دەست بە خوێندن بكەینەوە، ئەوكات دۆخەكە خراپ دەبێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: "چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیھانی دەكەن، ئەگەر دۆخی تەندروستی لە ھەرێمی كوردستان گونجاو بێت دەست بە پرۆسەی خوێندن دەكەینەوە".