وهزیری پهروهرده: دهرگای قوتابخانهكان تهنیا بۆ تاقیكردنهوهكان دهكرێنهوە
"خوێندنی ئهمساڵ نافهوتێت"
K24 - هەولێر:
لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، میوانداری ھەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كرا. وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، تەنیا بۆ تاقیكردنەوە دەرگای قوتابخانەكان لە قۆناغی یەك تاوەکو 11 دەكرێنەوە و رێنمایی و گشتاندنیان بۆ دەردەكەن دەربارەی شێوازی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان.
ئاڵان حهمه سهعید، وهزیری پەروەردەی حكومهتی ههرێم له دانیشتنی پهرلهماندا دووپاتی كردهوه، کردنەوەی دەرگای خوێندن بۆ ئەمساڵ تەنھا بۆ تاقیکردنەوەکان دەبێت، بە جۆرێك لە پۆلی1 تا 11 ناوەندی قوتابیان لە کۆتای مانگی 5 و سەرەتای مانگی 6 دەست بە تاقیرکردنەوەکان دەکەن و پۆلی 12ـش کۆتایی مانگی 6 تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن.
لهكاتێكیشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا وادەی کردنەوەی دەرگای زانکۆ پەیمانگاکانی دیاری نەکردووە، ئارام محهمهد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 6 بۆ 7 ھەفتەیان پێوستە پرۆسەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو بکەن و دەشڵێت: لە زانکۆ و پەیمانگاکان سەروی 70%ی وانەکان خوێندراون و خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنیش بۆ قوتابیان و تاقیکردنەوەکان مەرجدار نییە.
هاوكات ههریهك له وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان جەخت دەكەنەوە، كە خوێندنی ئەمساڵی قوتابییان نافەوتێت و سەرپشك کراون، بۆ ئەوەی میکانزمی چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە گوێرەی پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی ژیانی قوتابیان بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بێت.
H.B