هێمن هه‌ورامی: ئه‌وانه‌ی تۆمه‌ت درووست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یان هه‌یه با له دادگا بیخه‌نه‌ڕوو
نابێته هۆی درووستبوونی ناكۆكی سیاسی
K24 – هه‌ولێر:
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، هێمن هه‌ورامی رایگه‌یاند، هیچ په‌رله‌مانتارێك له سه‌رووی یاساوه نییه و پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر نابێته هۆی درووستبوونی ناكۆكی سیاسی.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی" كوردستان24دا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "پێمان وایه جێبه‌جێكردنی یاسا و په‌یڕه‌و، دانه‌نانی هیچ په‌رله‌مانتارێك له سه‌رووی یاساوه، نابێته هۆی درووستبوونی ناكۆكی سیاسی. به پێچه‌وانه‌وه پێمان وایه پێشێلكردنی یاسا و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و قۆستنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانی بۆ سوكایه‌تیكردن ده‌بنه هۆی درووستكردنی ناكۆكی سیاسی. پێویسته پشتیوانی جێبه‌جێكردنی یاسا بین. ئه‌مه پێشكه‌وتنێكه له هه‌رێمی كوردستان و پێویسته جێی ستایش بێت. هه‌موومان له‌به‌رده‌م یاسا یه‌كسان و پشتیوانی جێبه‌جێكردنی یاسا بین".
گوتیشی: په‌رله‌مانی كوردستان، به گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كار ده‌كات، دانیشتنی ژماره چواری زۆر ئاسایی و یاسایی بووه. پێمان وایه هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌تردایه، پێویست ده‌كات، ئێمه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی یاسادا، له‌و بابه‌تانه‌ی پرسی گشتین یه‌ك ده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بین.
له باره‌ی به‌شداری نه‌كردنی فراكسیۆنه‌كانی دیكه له دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا، هێمن هه‌ورامی گوتی: هه‌ر په‌رله‌مانتارێك و فراكسیۆنێك نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نێكی سیاسی ده‌كات، لایه‌نه‌كانیش له ململانێدان. بۆیه له پرۆسه‌ی دیموكراتیدا، ئاساییه، چونكه فراكسیۆنه‌كان نوێنه‌رایه‌تی رای خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌كانیان ده‌كه‌ن، هه‌ندێكجار ره‌نگه پێیان وابێت یان راڤه‌ی ئه‌وه بكرێت، كه جێبه‌جێكردنی یاسا و په‌یڕه‌وی ناوخۆ له به‌رژه‌وه‌ندیان نییه، یان كاتی گونجاو نییه، بۆیه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی یاسا نه‌كه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، 58 په‌رله‌مانتار له دانیشتنه‌كه به‌شدار بوون، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌راوردی بكه‌ین به رووداوه‌كانی پێشووتر، كه له خوله‌كانی پێشوو روویانداوه، ناكرێت دوو ته‌فسیری جیاواز بۆ هه‌مان میكانیزم و هه‌مان جێبه‌جێكردنی خاڵی په‌یڕه‌وی بكرێت و ده‌بێت به یه‌ك چاو سه‌یر بكرێت. ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت وه‌ك خۆی سه‌یر بكرێت. ئه‌مه كۆتایی جیهان نییه. هه‌ر به‌ڕێزێك تۆمه‌تێك درووست ده‌كات و بابه‌تێك ده‌خاته‌ڕوو، پێی وایه گه‌نده‌ڵییه‌ك هه‌یه، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به خۆی و به‌ڵگه‌كانی هه‌یه با بچێته به‌رده‌م دادگا.