ئێران نامەیەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەوێتە مەترسیەوە

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەڵێت "به ‌درێژ کردنەوەی گەمارۆی کڕینی چەک لە سەر ئێران، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەوێتە مەترسیەوە".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە درێژكردنه‌وه‌ی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی له‌و نامه‌یه‌ی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووه‌، داوای ده‌كات سنوورێک له‌به‌رده‌م ئەمەریکا دابنرێت.

زەریف لە نامەکەیدا ئاماژه‌یداوه‌، ئەمەریکا بە کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و ئێستاش بە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی کڕینی چەک لەسەر ئێران، ئاشته‌وایی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە به‌رده‌م مەترسی.

هه‌روه‌ها مەجید تەخت رەوانچی، نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، ئەمەریکا بە گوشاری هەڕەشەکردن دەیەوێت گەمارۆکان لەسەر ئێران درێژ بکاتەوە، ئەوەش بە پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتییەکان ناودەبات.