پەرلەمانی ئەوروپا چۆن پێناسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی دەکات؟
لەسەر سێ وێنە پارێزبەندی لە مارین لو پێن سەندرایەوە
K24 – ههولێر:
لە دووی ئاداری ساڵی 2017، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا پارێزبەندی مارین لو پێن هەڵبگیرێت تەنها لەبەرئەوەی لە تویتێکدا چەند وێنەیەکی بڵاوکردبووەوە کە دیمەنی توندوتیژیییان تێدابوو. یەکێک لە وێنەکان، دیمەنی سەربڕینی جەیمس فۆلێی، رۆژنامەنووسی ئەمەریکی، لە لایەن داعشەوە تێدابوو.
لو پێن کە لە ساڵی 2011ـەوە سەرۆکی پارتی ناشناڵ راڵی فەرەنسایە و لە ساڵی 2011 بۆ 2012 بۆ یەکەمجار خۆی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی فەرەنسا، لەبەر بڵاوکردنەوەی سێ وێنە، رووبەڕووی سزای زیندانی و پێبژاردن کرایەوە.
دواتر ئەو خاتوونە رایگەیاند، پەرلەمانی ئەوروپا بۆیە ئەو کارە دەکات، تاوەکو "کاندیدەکانی فەرەنسا" سەرنەکەون.
بەگوێرەی یاساکانی پەرلەمانی ئەوروپا، پەرلەمانتاران مافی پارێزبەندییان پێبەخشراوە تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بەڵام دەبێت ئەو بۆچوونە لە چوارچێوەی کارەکانیان بێت. پەرلەمانیش دەتوانێت ئەو پارێزبەندییە هەڵبگرێت. هەروەها، هەر وڵاتێکی ئەوروپی، بۆ پەرلەمانی ناوخۆی وڵاتەکەی، پێناسیەکی جیاوازی بۆ پارێزبەندی هەیە.
بۆ نموونە لە فەڕەنسا، پارێزبەندی پەرلەمانتاران ئازاد دەکات لەوەی بۆچوونی خۆیان لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان دەرببڕن، بەڵام لە نێزەرلاندس(هۆڵەندا)، پارێزبەندی پەرلەمانتاران دەپارێزێت لەوەی بۆچوونی خۆیان لە لیژنەکانی پەرلەمان دەرببڕن و باس لە بەرپرسانی حکومەت بکەن. هەروەها لە فینلەندا و ئەڵمانیا، ئەو پارێزبەندییەی بۆچوونی پەرلەمانتاران تەنها ناو باڵەخانەی پەرلەمان دەگرێتەوە لەگەڵ لێدوانی لیژنەکانی ناو پەرلەمان. واتە پەرلەمانتاران ئازادن لەوەی لەناو پەرلەمان چی دەڵێن و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، نەک دەرەوەی پەرلەمان.
بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا، پەرلەمانتار لە کاتی ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بە کەسێک، پارێزبەندی بە گوێرەی دەنگدان لەسەری هەڵدەگیرێت و دەبرێتە بەردەم دادگا ئەگەر سکاڵا لە دژی تۆمار کرابێت.
هەروەها میکانیزمی هەڵگرتنی پارێزبەندی جیاوازە لە ئەوروپا، بۆ نموونە لە پەرلەمانی لۆکسمبۆرگ و کۆنگرێسی ئیسپانیا و پەرلەمانی ئەوروپا، "لە پشت دەرگا داخراوەکان" ئەو بڕیارە دەدرێت، بەڵام لە پەرلەمانی ئیسپانیا، یۆنان، ئیتاڵیا و پورتوگال، دەنگدان بە سندوقی داخراو ئەنجام دەدرێت.
لە مێژووی پەرلەمانە جیاوازەکانی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا، بەگوێرەی یاسای، پارێزبەندی پەرلەمانتاران هەڵگیراوە، بەتایبەت لەو کاتەی، ئەو مافە بۆ ناوزڕاندن و هێرشکردنە سەر خەڵکی دیکە بەکارهاتبێت.
سەرچاوە: AN ECPRD PUBLICATION ON TOPICAL PARLIAMENTARY AFFAIRS