بەشێكی زۆری پڕۆژەكانی وەبەرھێنان كەوتنەوە كار

داوا لە وەبەرھێنەران دەكرێ پڕۆژەكانیان لەكاتی خۆیدا تەواو بكەن

K24 - ھەولێر

دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای پەتای کۆرۆنا، کارکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا دەستیپێکردووەتەوە.

موخلیس محەمەد، بەڕێوەبەری یاسایی و كارگێڕی لە وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان كاركردن لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەستی پێكردووەتەوە.

داواشی لە سەرجەم پارێزگاكان كرد، لە ماوەی 15 رۆژدا داتا و زانیارییان پێبدەن لەبارەی ئەو پڕۆژانەی نەكەوتوونەتەوە كار.

راشیگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی 60 رۆژ دەستبەکار نەبنەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە، لە ماوەی رابردووشدا 120 پڕۆژەی لەو شێوەیەیان هەڵوەشاندوونەتەوە".

 ئاماژەی بەوەشدا، 950 پڕۆژەمان لە بەردەستی وەبەرهێنەران دایە لە تەواوی هەرێمی کوردستان، كە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکی دیکەشیان لەبەردەستی وەبەرهێنەراندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.