رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆشداریی لەبارەی دۆخی دەروونی هاووڵاتیان دەدات
پێویستە کاری بەپەلە بکرێت
K24 – ههولێر:
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەوەی، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی، بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی دەروونی.
دێڤۆرا کێستێل، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی دەروونی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ئاژانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە دەڵێت، دابڕان، ترس، فشاری دەروونی و دۆخی خراپی ئابووری بوونەتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و دەبێت زۆر بەپەلە کاری لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک کەس هێندە فشاری دەروونیان هەبووە، تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون و چەندین نیشانەی پەتایان لێ دەرکەوتووە.
ئەوەی زیاتر بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵکی ئەوەیە، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە و هەندێک لە پزیشکان وای بۆ دەچن، کۆرۆنا بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی 300 هەزار کەس مردوون، جیا لەو زیانە گیانیانە، قەدەغەی هاتووچۆ و دۆخی ئابووری کاریگەری نەرێنیی زۆر لەسەر خەڵکی دروست کردووە.
CNBC