ئۆباما هێرش دەکاتە سەر بەرپرسانی ئەمەریکا
قەیرانی کۆرۆنا ئۆبامای هێنایە دەنگ
K24 – ههولێر:
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێكدا بۆ قوتابیانی دەرچووی قۆناغی دواناوەندی، هێرشی کردە سەر ئیدارەکەی ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا.
ئۆباما لە بارەی قەیرانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەڵێت، ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشن، ئەوەی بە گونجاوی دەزانی، ئەوەی بە ئاسانی دەزانی، ئەوە ئەو جۆرەیە، کە منداڵان بیر دەکەنەوە.
دەشڵێت، بەداخەوە، زۆر کەس بە حیساب گەورە بوون، خاوەنی ناونیشان و کاری گەورەن، بەم جۆرە بیر دەکەنەوە، بۆیە ئێمە بەمجۆرە دۆخە خراپە تێپەڕدەبین.
ئۆباما کە ئەمە دووەم جارییەتی لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ قسە بۆ قوتابیانی دواناوەندی دەکات، بە قوتابییەکان دەڵێت، لەگەڵ ئەو بەهایانە بژین کە دەمێننەوە، وەکو راستگۆیی، بەرپرسیارێتی و رێزگرتن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیارە مانگی یانزدەی ئەمساڵ بکرێت، رکابەری کۆماریی و دیموکراتەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش وایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، جەنگێکی میدیایی دژی رکابەرەکانی دەستپێبکات و رکابەرەکانیشی وەڵامی دەدەنەوە.
DW