کاندیدێکی نەوەی نوێ لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کشایەوە

کاندیدێکی نەوەی نوێ لە بازنەی سلێمانی کێشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند.

کاندیدی ژمارە 21ـی نەوەی نوێ لە بازنەی سلێمانی بەناوی 'شاتوو فەرەیدون حەمە ساڵح' نوسراوێکی بۆ ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناردووە و دەڵێت: "من لە کاندیدبوون دەکشێمەوە لەسەر لیستی ناوبراو".

ئەو کاندیدە هۆی کشانەوەکەی باس کردووە و ئاماژەی پێ داوە: "تاکو ئیستا هیچ ڕێکلام و پۆستەرێکم بۆ نەکراوە و نادادیی لە ڕیزبەند و ماف و ئیمتیازەکانی ناو لیستەکە هەیە و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵمان". هەروەها داوای لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆن کردووە کاری یاسایی بکەن بۆ سڕینەوەی ناوەکەی لە لیستی نەوەی نوێ.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.