مەسرور بارزانی: دەنگنەدان بڕیارێکی زۆر هەڵەیە

یەکشەممە، 06-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: بڕیار لە ڕۆژێکدا بۆ هەڵبژاردن دەدرێت، بەڵام بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروا ئەنجامی بڕیاری ئێوە هەرچییەک بێت، ئەم چوار ساڵەی حوکمڕانی دیسان دەبێتە بەرهەمی بڕیاری ئێوە، هەربۆیە داوا لە هەموو خوشک و برایانی هێژا دەکەم، چ ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون یان هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە هەر شوێنێکن و گوێ بیستی ئێمە دەبن، داواتان لێ دەکەم لەم هەڵبژاردنە بڕیارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەن، بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکێکی قارەمانە، بە هەدەر ناڕوات.
ڕاشیگەیاند "ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و هەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم هیچ جیاوازییەکی نییە، هەڵەیە، چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات، بە تایبەت ئێوەی مامۆستایانی هێژا، ئەرکێکی زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، بۆیە دەبێت ئێوە ڕێنمایی بدەنە هاووڵاتییانی دیکە لە خوێندکاران و قوتابیان و هەر کەسێک کە ئێوە کاریگەریتان لەسەر دەنگدانەکەی هەیە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تاوەکوو داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن، منیش لەو بڕوایەدام بڕیاری ئێوە بڕیارێكی ڕاست و دروست دەبێت.
گوتیشی: چاوەڕوانین نەک هەر ئێوە بە تەنیا، بەڵکو کەسوکاری ئێوە و خزم و دراوسێکانی ئێوە، لەگەڵ قوتابیانی ئێوە هان بدرێن ڕۆژی 20ی 10 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و دیار نییە چارەنووسی ناوچەکەش بەرەو کوێ دەچێت؛ هەر بۆیە وڵاتەکەی ئێمە پێویستی بە بڕیاری حەکیمانە هەیە و سەرکردایەتییەکی حەکیمانەی دەوێت، تەنیا بە گوتار و قسەکردن و بەڵێن دان، وڵات بەڕێوە ناچێت، هەربۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی دروستمان لەسەر ڕابردووی هەر لایەنێکی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانین لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن یان نە.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارەکەیدا بۆ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک گوتیشی: ئەگەر وڵاتەکەی ئێمە ناچاری قوربانیدان بێت، ئەو سەرکردایەتییەی هەڵدەبژێردرێت کە لەو ئاستەدان خۆیان بکەنە قوربانی بۆ خەڵکی خۆیان یان وەک زۆر لایەنان، وەک هەموو جاران گەل دەکەنە قوربانی خۆیان؛ بەڵام من بەبێ گومان بە ئێوەی دەڵیم پارتی ئەو پارتەیە کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر دروست بووە و ئێستاش کە جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتیی دەکات و ئەو حزبەیە کە هەمیشە خۆی کردووەتە قوربانی میللەتی خۆی.