رووماڵ

نێچیرڤان بارزانی: ڕۆژی پارتی هەمیشە هەڵهاتووە و هەمیشە هەڵدێتەوە

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی  کوردستان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر دەڵێت: ڕۆژی پارتی هەمیشە هەڵهاتووە و هەمیشە هەڵدێتەوە.

یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، نێچێرڤان بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر گوتی:  لەم گردبوونەیەوەدا، لا چاوی ئێودا سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرە، ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تا لەبەر ڕۆشنایی مەشخەڵی 78 ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن بگێرێن، چیرۆکی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوونەتە دوونایەکە و لە یەکتر جیا ناکرێنەوە، پارتی لە تاریکترین مێژووی سیاسیماندا، چرایەکی ڕۆشن و هێزێکی پۆلاین  بووە دژی ستەم و ملکەچی بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەوەری، لە ڕابردوودا ڕێگەمان ئاسان نەبووە، ئێستاش بێ گرفت نین، لە ئانیندەش بێ گرفت نابین، ئەوەی گەلی کوردستان بزانێت، پارتی سەربەرزانە مەشخەڵی درەوشاوەنەمان بەرز ڕاگرتووە و پەیمانی داوە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕێگەیە.

دڵنیام بە هیمەتی گەلی کوردستان خەونی دێرینەمان دێتە دی، پارتی مەشخەڵی درەوشاوەی خەبات و قوربانی لە نەوەی پێش خۆی وەرگرتووە بە ئەمانەت، دەبێت نەوەی ئێستای پارتیمان ئەو مەشخەڵە هەڵگرن و بەرەو پێشەوە بیبەن، خۆری ئاڵای کوردستان و خۆری دروشمی پارتی پەیامی بۆ ئێمە، پەیامی بۆ گەلی کوردستان ئەوەیە، دەڵێت: دەبێت هەمیشە بدرەوشێینەوە، هێز و هیوامان نوێ بکەینەوە، لەبیرمان نەچێت، ڕۆژی پارتی هەمیشە هەڵهاتووە و هەمیشە هەڵدێتەوە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: گەلەکەمان بەزۆر قۆناغی تاریک و نەهامەتی و شکستدا تێپەڕیووە، بەڵام هیچ کات نە شکست پێناسەی پارتی بووە، نە بێهیوایی پێناسەی پارتی بووە، پێناسەی ئێمە وەک میللەت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر و تیشک و پرشنگ و ڕوونایی و گەشەی ژیانە، پارتی وا لەدایک بووە، وا بەردەوام بووە، هەر بەو ڕەوتەش بەردەوام دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: پارتی ئێمە لە پارتێکی سیاسیی گەورەتر بووە، ئێمە بزووتنەوەیەکین بووینە چرایی ڕۆشنایی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لە ڕابردوو ئێمە تاریلیمان ڕەواندووەتەوە، لە سەردەمی ئێستاماندا دەستپێشخەر و گرەنتی و ئاوەدانی و سەقامگیریی و ئاسایشی کوردستان و پێشکەوتنی کوردستانین، کە بارزانی نەمر لە ساڵی 1946  پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراند، تەنها ڕێکخراوێک نەبوو، پارتی بووە ئەستێرەیەکی نوێی ژیان بۆ کورد، بۆ گەلی کوردستان کە لەمێژبوو بێبەش بوو لە ماف و دەنگ و ناسنامەی خۆی، ئێمەی ڕێڕەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان وڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پابەندین بەو ڕێبازەوە نەوەک لەبەر بارزانی بوون، نەوەک لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕێبازی کوردایەتی و خۆڕاگریی و خەبات و خەباتی گەلێکی ژێر دەستیان بەرجەستە کرد.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: بۆ ئەو ڕێبازە، بۆ کوردستانێکی پڕ ئازادی، هەرێمێک لەسەر بنەمای دیموکراسی بەڕێوەبچێت، مێژووی دوور و نزیکمان، تێکۆشانی بێوچانی لەخۆ گرتووە، کەم لەم هەرێمی ئێمە، لەم کوردستانەی ئێمە، کەم خێزان هەیە قوربانیان نەدابێت، ڕەنگی سووری ئاڵاکەمان وەبیرهێنانەوەی خوێنی شەهیدانە کە گیانی خۆیان بەخشی تا ئێمە لێرە ئێمە بە زمانی خۆمان قسە بکەین و ئاهەنگ بگێڕین لەپێناو نیشتمانەکەمان، کاروانی خەباتمان دڕیژە پێبدەین، ئێمە سوپاسگوزاریی ژن و پیاوی ئەو گەلەین کە گیانی خۆیان بەخشیووە لەپێناو ئازادی ئەو میللەتە.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: قوربانیدانی گەلی کوردستان، وەبیرهینانەوەیە کە ئازادی وەک جەژنانە نەبەخشرێت، بەڵکو بە خەبات و قوربانیدان بەدەست دێت، قوربانیدانمان بەفیڕۆ نەچووە و ناچێت، هەموو قوربانییەکانی ئێمە، ئێمەی لە ئامانجی کوردستانێکی دیموکرات و ئازاد نزیک کردووەتەوە، لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خۆڕاگریی گەلی کوردستان بکەم، چونکە سەرباری ڕووبەڕووبوونەوەی دژوار هەر لە بڕینی بوودجەوە، هەڕەشەی داعش بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ژیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، سەرباری گەمارۆی سەربازیی، داخستنی ئاسمان و سنووری کوردستان، گەلی کوردستان پشتیوان بوون لە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان، لەگەڵ گەشەکردنماندا، دەبێت ئەم پرەنسیپانە لە کرۆکی هەموو کارەکانماندا، ئامانجمان بن، بونیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە هەموو تاکێک تێیدا بتوانێت دادپەروەر و سەربەرز بێت.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە دەبێت وەک مەشخەڵی نەورۆز، کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەردەوام بێت لە پێشکەوتن، لە نوێکردنەوەی هیوا بۆ گەلی کوردستان، بۆ هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و دادپەروەری و شکۆمەندی کوردستان هەبوو، تەنها دەنگی ئازاد و بوێرانەی ئێوە و گەلەکەمان گرەنتیە بۆ بەردەوام بوونی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری وڵاتەکەمان بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.