گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی چین زیاتر ده‌بێت
چین به‌ڵێنی قه‌ره‌بوو ده‌دات
K24 – مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێشوازی له‌داوای ئه‌و 120 ده‌وڵه‌ته ده‌كات كه داوای لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن له بنه‌چه‌ی كۆرۆنا له‌چین، له‌كاتێكدا چین به‌ڵێنیداوه 2 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو بدات به وڵاته تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا ڤایرۆس، به‌ڵام هیچ پێشوازییه‌ك له لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناكات.
له وتووێژێكدا د. تیدرۆس ئادهانوم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، رۆژی 18ی ئایار/ مایۆی 2020 له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه، باسی له‌وه‌كرد كه له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پرۆسه‌یه‌كی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بێلایه‌نانه و سه‌ربه‌خۆ و تێر و ته‌واو، پێشوازی له‌و پێشنیازه‌ی ئوسترالیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ته‌له‌گراف، رۆژی 18ی ئایار، چین رووه‌و ته‌نگه‌تاوی زیاتر ده‌كرێته‌وه له‌سه‌ر داوای ئوسترالیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا كه ژماره‌یان 120 ده‌وڵه‌ت زیاتره و رۆژی 18ی ئایاریش به‌ریتانیا ده‌نگی خسته پاڵ ده‌نگی ئه‌و 120 ده‌وڵه‌ته و داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات.
ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ی كه ئوسترالیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشكه‌شیان كردووه داوای نێردهرێكی مه‌یدانی زانستی ده‌كه‌ن بۆ چۆنێتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له‌ناو خه‌ڵكدا. " له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا ده‌ست بهههڵسهنگاندنێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین" د. تیدرۆس وه‌های وت.
ئه‌م بزاوته هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ده‌گرێته خۆی جگه له چین، چونكه داواكه ئاراسته‌ی چین ده‌كرێت كه رۆڵی هه‌بووه له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه و تائێستاش بووه‌ته هۆی مردنی زیاتر له 320 هه‌زار كه‌س له جیهاندا و به‌رده‌وامیشه.
هه‌روه‌ها ئه‌لێكس ئازار وه‌زیری ته‌ندروستی و حزمه‌تگوزارییه مرۆییه‌كانی ئه‌مریكا له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه كه رۆژی 18ی ئایار له سویسرا به‌رێوه‌چوو به ئاماده‌بوونی به‌شێك له سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تان، گوتی: "په‌تاكه تا راده‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵكردندایه، ئه‌ویش به‌هۆی شكستی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه".
گوتیشی: "ئه‌م رێكخراوه له گه‌یاندنی زانیارییه پێویستییه‌كان به جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی شكستی هێنا، به‌هۆی ئه‌م شكسته‌وه خه‌ڵكێكی زۆر باجه‌كه‌ی دا".
به‌پێی راپۆرتی ده‌سته‌ی چاودێری سه‌ربه‌خۆی سه‌ر به رێكخراوه‌كه كه له‌كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه خرایه‌ڕوو روونیكرده‌وه كه پێویسته رێكخراوه‌كه رۆڵی سه‌ركردایه‌تی بگێڕێت و به‌كاره‌كانیدا بچێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت به‌گه‌رمی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نییه بۆ رووداوه‌كه.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه ده‌ڵێت: "رێكخراوه‌كه پێویستی به ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلار هه‌یه به‌ڵام ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار زیاتری له‌به‌ر ده‌ست نییه".
هه‌روه‌ها دۆناڵد تره‌مپ له‌بری به‌شداری ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه نامه‌یه‌كی دورودرێژی ئاراسته‌ی د. تیدرۆس ئادهانوم به‌رێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كرد و تێیدا داوای كرد كه ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 30 رۆژی داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری لێكۆڵینه‌وه نه‌كه‌ن و شه‌فافیه‌تی خۆتان رانه‌گه‌یه‌نن ئه‌وا یارمه‌تیی رێكخراوه‌كه ده‌بڕێت.
تره‌مپ له نامه‌كه‌دا نووسیویه‌تی: "له مانگی نیساندا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی هاوكاری ماددی رێكخراوه‌كه‌م راگرت، به‌ڵام 30 رۆژی تر به‌ده‌نگ ئه‌م داوایانه‌وه نه‌چن ئه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تاییه بودجه‌ی رێكخراوه‌كه ده‌بڕدرێت و ئیجرائاتی تریش ده‌كرێت".
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیو یۆرك تایمز تا ئه‌م ساته به‌رپرسانی چین لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌تده‌كه‌نه‌وه. له‌كاتێكدا رۆژبه‌ڕۆژ ئه‌و داوایه له‌سه‌ر چین زیادده‌كات. ته‌نانه‌ت به پێشكه‌شكردنی بڕیاری ئه‌و 2 ملیار دۆلاره‌ش هیچ له كه‌شی ره‌خنه‌كان ناگۆڕێت.
شی جین پینگ سه‌رۆكی چین له وتارێكیدا له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی شه‌فاف بووه و به به‌رپرسیارێتییه‌وه مامه‌ڵه‌ی كردووه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه وڵاته‌كه‌ی بڕی 2 ملیار وه‌ك هاوكاری پێشكه‌ش به‌و ده‌وڵه‌تانی تازه پێگه‌یشتوو ئه‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه.
ئاماندا گلاسمان به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی جیهانی له زانكۆی جۆرجتاون له ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "ئه‌م هاوكارییه ماددییه‌ی كه چین باسی ده‌كات چۆن ده‌درێت؟ ئایا له‌چوارچێوه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی ده‌درێت؟ ئه‌گه‌ر وایه، ئه‌وا ئه‌مه جێگه‌ی گرنگیدانه و پێویسته هاوكارییه‌كانی چین وه‌ك ئه‌مه‌ریكا بێت بۆ رێكخراوه‌كه".
به‌پێی ئاماندا وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی چین زیاتر دوورخستنه‌وه‌ی ره‌خنه‌كانه له وڵاته‌كه‌ی، چونكه هه‌ڵسوكه‌وتی بیجینگ به‌رامبه‌ر په‌تاكه جیایه له‌گه‌ڵ قسه‌كانی.
كۆرۆنا ڤایرۆس COVID-19 گرووپێكن له ڤایرۆسه درمییه‌كان. ئه‌م ڤایرۆسه به‌به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌كاته‌وه، تا له له‌مانگی 12ی 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا به‌ناوی كۆرۆنا ڤایرۆس سارس- 2، له‌شاری ووهان-ی كه‌رتی هوبێی وڵاتی چین. تا رۆژی 19ی ئایار، 4 ملیۆن و 857 كه‌س له‌جیهان تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون و زیاتر له 320 هه‌زار و 256 كه‌سیش مردوون.