مەسرور بارزانی: ئێمە داوای ئاشتەوایی و بەیەکەوە ژیان دەکەین
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرناڤاڵی جەماوەریی زاخۆدا بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە داخوازیی ئاشتەوایی دەکەین و بەیەکەوە بژین.
دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی بۆ پشتیوانیی و سەرخستنی لیستی 190ی پارتی لە شاری زاخۆ بۆ ناساندنی کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زاخۆی جوان و دڵی سەرۆک بارزانی، جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری زاخۆ، بوون و دەنگی ئێوە، سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەرە پشتیوان بە خوای گەورە.
گوتی: پاش دوو هەفتەی دیکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووساز دەچین کە داهاتووی وڵات و پاشەڕۆژی وڵاتەکەمان دیاری دەکات، دەنگی ئێوە و بڕیاری ئێوە شێوازی حکوومڕانی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکات، بۆیە پێویستە زۆر، پێکەوە هەموومان بەیەکوە بە دەر و دراوسێ و خزم و کەس بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری تا ئەمڕۆ بەردەوامە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و ستەمکاری دامەزراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێناسەی نەتەوەیی کوردستانی، پارتی دیموکراتی لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبێت، پارتی هەر یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەبێت.
مەسرور بارزانی:هەوڵیانداوە پارتی بکەنە ئامانجی خۆیان و پارتی سەرنەکەوێت
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەوڵیدایە کوردستان سەرکەوێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بێنە دەست، ناحەزانی پارتیش هەوڵیانداوە پارتی بکەنە ئامانجی خۆیان و پارتی سەرنەکەوێت، پێشتر بەجۆرێک دژایەتی پارتیان دەکرد و پیلانیان دادەڕشت، ئێستاش بەجۆرێکی پیلان دادەڕێژن، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە لەناو دەبەین و پارتی هەر یەکەم دەبێت.
مەسرور بارزانی پارتی داوای ئارامی دەکات، چونکە پارتی لەو باوەڕەدایە میللەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە لە ژیانێکی ئارام و وڵاتێکی ئارامدا بژیت، ئێمە داخوازیی ئاشتەوایی دەکەین و بەیەکەوە بژین، چونکە چەندە ئارامی و ئاشتەوایی لە وڵاتەکەماندا هەبێت، پارتی زیاتر پێش دەکەوێت.
گوتیشی: پارتی لەهەرە جێیەک بێت جێی دەستی دیارە و ئاوەدانی تێدایە، ئاوەدان و پێشکەوتووە، پارتی داوای پێکەوە ژیان دەکات لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایینی جیاواز و لاینە سیاسییەکان، پێمان وایە بەیەکەوە بین وڵاتەکەمان جوانتر دەبێت و بەهێزتر دەبین، میللەتی ئێمە داهاتووی و پاشەڕۆژی گەشتری هەبێت، پارتی هەمیشە شانازیی بەوە دەکات داکۆکی و پشتیوانی مافی نەتەوە و ئاینەکانە، لەسەر ئە سۆزە بەردەوامە دەبێت و تا ماوین داکۆکی لەهەر تاکێکی ئەو وڵاتە دەکەین.
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی دروشمی خۆڕاگریی هەڵگرتووە چونکە خۆڕاگربووە بەرامبەر هەموو پیلان و پەلامارەکانی سەر کوردستان، پارتی خاوەنی چەندین داستانە، هەزاران شەهید و پێشمەرگەی قارەمان و جەماوەرێکی قارەمانە لەبەر ئەوە خۆڕاگ دەبێت و هەر بەردەوامیش دەبێت لە خۆڕاگریی و بەرگریی کردن لە مافی گەلی کوردستان.
مەسرور بارزانی گوتی: هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و زەحمەتی و ماندووبوونی ئەو گەلەیە، لەناو ببردرێت یاخود لاواز بکرێت، گەلێک لایەنی ئەمڕۆ دروشمیان هەڵگرتووە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پیلان دادەڕشت ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ هەوڵیدا لەگەڵ دەستی دەرەکی دەستی خۆی تێکەڵ کرد، هەوڵیدا مافی خەڵکی کوردستان ڕادەستی بەغدا کرد و خەڵکی کوردستان تووشی شکست بوون، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا، ئێستا دێن بە شێوازێکی دیکە قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەڵام خەڵک هۆشیارە دەزانێت ڕابردووی هەمووان چییە و دەنگ دەداتە کێ.
مەسرور بارزانی: ئەوانەی هەوڵی شکستی پارتیان دا خۆیان شکان
مەسرور بارزانی گوتی: پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنێک کە هەوڵی شکاندنی پارتی داوە، بۆ هەموو ئەوانەی خەونیان بە شکاندنی پارتیەوە دەبینی، دەڵێین: ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، تووشی شکست بوون، فێر بن، مێژوو فێر بن، پارتی ناشکێت.
مەسرور بارزانی گوتی: ئەگەر سەیری دروشمی لایەنەکانی دیکە بکەن، دروشمی ئەوان جێی ئومێد نین، هیچ یەک لەوان باسی پێكەوە ژیان و ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن ناکات، دروشمی ئەوان ئەوەیە، کۆتایی پێ دێنین، ڕایدەگرین، تێکی دەدەین، خراپی دەکەین، بێ ئومێدی لەناو میللەتی ئێمەدا بڵاو دەکەنەوە، وەڵامی ئێمەش بۆ هەموو ئەوان ئەوەیە:" ناتوانن.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: من گومانم نییە، ناتوانن چونکە خاوەنی ئێوەیە و دەنگی ئێوە پیلانی ئەوان تێک دەشکێنێت، پێشتریش هەوڵیاندا پارتی ڕابگرن، پێشتریش هەموو هەوڵێکیاندا لە ئەگەر خۆشیان زیان بکەن، تەنها زیان بەر پارتی بکەوێت، هیچ درێخیان نەکردووە، ئەو دروشمەی ئەمڕۆ هەڵیان گرتووە، هەموو ئەو لایەنانەی باسی تێکدان و خراپ کردن و ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنان دەکەن، ڕاستییەک لە دروشمەکانیان هەیە، ئەو دروشمانە هەقیقەت و ڕاستی ئەو لایەنانە نیشانی خەڵکی کوردستان دەدات، ئەوان بای ئەوەندەن، چونکە هیچ ئومێدێک لەو لایەنانەدا نییە.
مەسرور بارزانی گوتی: ئەوانەی دەڵێن دەیڕوخێنین، تێکی دەدەین، کۆتایی پێ دێنین، کۆتایی بەچی دێنن؟ پارتی نە بە کوردەتا هاتووەتە سەر دەسەڵات، نە بە هەوڵی دەستێکی دەرەکی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پارتی بە خەباتی خۆی، بە خوێنی شەهیدانی، ماندووبوونی پێشمەرگەکانی و دەنگی خەڵی خۆی هاتووەتە سەر حوکم.
مەسرور بارزانی: پارتی چیایەکە هەرگیز بە بایەکی لەرزۆکی ئەوان ناهەژێت
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی زۆرینەیە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ پارتیدان، سەرەڕای ئەوەش ئەو لایەنەی کە کەمینەیەکی کەمن، دەنگێکی لاواز داوای ڕووخاندن دەکەن، دەبێت بیزانن پارتی چیایەکە هەرگیز بە بایەکی لەرزۆکی ئەوان ناهەژێت.
جێگری سەرۆکی پارتی مەسرور بارزانی گوتی: ڕاستە ئێمە زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستانمان لەگەڵدایە، بەڵام هەرگیز نەمان گوتووە دەیڕوخێنین، هەرگیز نەمانگوتووە خەڵکی دیکەمان ناوێت، هەموو کاتێک دەستی ئاشتیمان بۆ هەموو لایەک درێژ کردووە، زۆرجار لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی خۆمان، خەڵکی دیکەمان کردووەتە شەریکی دەسەڵات، مافی خۆمان بە خەڵکی دیکە دا تەنها بۆ ئەوەی وڵاتێکی ئاراممان هەبێت، بۆ ئەوەی میللەتێکی بەختەوەرمان هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لە ئاشتیدا بژیت، بۆ ئەوەی جیاوازیی لەنێو میللەتی ئێمەدا نەبێت، هیچ جارێک داوای ڕووخاندنی هیچ کەسێکمان نەکردووە، هەموو کاتێک پارتی چاوی و بەرنامەی پارتی و ئامانجەکەی لەگەڵ ئاوەدانی بووە، لەگەڵ پێشکەوتن بووە، لەگەڵ بەختەوەرکردنی خەڵکی کوردستان بووە.
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی بە کەسێک ناڕوخێت، ئەو خەونەیان نایەتەدی، چونکە پارتی مێژووە، پارتی ئەمڕۆ و ئایندەیە، پارتی ناڕوخێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز نابێت، چونکە خەڵکی کوردستان خاوەنی پارتییە، خەڵکی کوردستان خاوەنی ئەو قەوارەی هەرێمی کوردستانە، پێشمەرگە پارێزەری ئەو هەرێمەیە، لەبەر ئەوە هیچ کەس و لایەنێک خەیاڵی ئەوە نەکەن و بڵێن بەرامبەر ئەو میللەتە و پێشمەرگەیە بووەستن، چونکە خەونی خۆیان دەبەنە ژێر گڵ.
مەسرور بارزانی گوتی: سەرەڕای ئەوەی پارتی و دەسەڵاتی و حکوومڕانیی هەبوو، بەڵام ئێمە شەریکی لایەنەکانی دیکەمان قەبوڵ کرد، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە چەندی ئێمە بەیەکەوە بین، دەتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، باوەڕ بەوە بکەن زۆر لە خەمی خەڵکی دیکەداین، ئەوانەی بەهەر هۆیەک خەڵەتابن، هەر لایەنێک کە توانیبێتی قەناعەتێک بە خەڵکێک دروست بکات لەسەر بنەمایەکی نا دروست لەسەر ڕێگە لایان بدەن، ئێمە لە خەمی ئەوانیشداین، چونکە پارتی خۆی بە خاوەنی ئەو قەوارەیە دەزانێت، پارتی خۆی بە بەشێک لەو میللەتە دەزانێت، ئومێدی ئێمە ئەوەیە ڕۆژێک بۆ ئەوان بێتە پێش، بگەڕێنەوە بەرەی نیشتمانپەروەری و دۆستایەتی لەگەڵ پارتی.
جێگری سەرۆکی پارتی مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە، هەموو ئەوانەی بانگەشە دەکەن ئومێدێک نادەنە خەڵکی کوردستان، هەموو ئومێدی وان ڕووخاندنی پارتییە، ناڵێن دوای ئەوە چی لێدەکەن کە ئەو وڵاتە دەڕووخێنن، ئەو بارودۆخەتان تێکدا، دوای ئەوە خەڵکی کوردستان پرسیار ناکەن بەرنامەی ئەمانە چین؟ چ پرۆژەیەکیان هەیە، چ دەستکەوتێکیان هەیە، چ ئایندەیەکیان مسۆگەر کردووە، ئەوان نە هیچ پرۆژەیەکیان هەیە، نە هیچ دەستکەوتێکیان هەیە، ناتوانن باسی هیچ دەستکەوتێک بکەن چونکە خاوەنی هیچ دەستکەوتێک نین، هەر دەستکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو میللەتە بەدەست هاتبێت، لەژێر سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستهاتووە، بێی پارتی هیچ کەس نەیتوانیووە دەستکەوتێک بۆ ئەو میللەتە بەدەست بێنێت، دەڵێت: بەیەکەوە زۆر شتمان کرد، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە لە قۆناغی جیا جیادا لەگەڵ ئێمەدا بوون، خێر لەوە دەبینن کە لەگەڵ پارتیدا بن، خێر لەوەدا نابینن دژایەتی پارتی بکەن.
مەسرور بارزانی: نانێک بخۆن، سەدی بۆ پارتی بکەنە خێر
مەسرور بارزانی گوتی: ئەگەر پارتی نەبووا، ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ دروست نەدەبوو، زەحمەتی پارتی و قارەمانێتی ئەو میللەتە نەبووا، ئەمڕۆ ئەو لایەنانە نەیاندەتووانی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، دیموکراسیەت لەو وڵاتەدا نەدەبوو ئەگەر پارتی نەبووایە.
ئاماژەی بە یەکەم هەوڵی سەرۆک بارزانی کرد لە شاری کۆیە کە بڕیاریدا پێویستە سیستەمی حکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراسی بێت لەڕێگەی دەنگدان و پەرلەمان، دەڵێت: ئەگەر ئەو بڕیاڕەی سەرۆک بارزانی نەبووایە، ئێستا باسی دیموکراسیەت و قەوارە و هەرێمی کوردستان نەدەکرا، بۆیە هەموو لایەنەکانی بەشدار کە بەخێری پارتی پێی گەیشتن، نانێک بخۆن، سەدی بۆ پارتی بکەنە خێر.
گوتی: ئەگەر پارتی نەبا، ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ دروست نەدەبوو، زەحمەتی پارتی و قارەمانێتی ئەو میللەتە نەبووا، ئەمڕۆ ئەو لایەنانە نەیاندەتووانی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، دیموکراسیەت لەو وڵاتەدا نەدەبوو ئەگەر پارتی نەبووایە، ئاماژەی بە یەکەم هەوڵی سەرۆک بارزانی کرد لە شاری کۆیە کە بڕیاریدا پێویستە سیستەمی حکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراسی بێت لەڕێگەی دەنگدان و پەرلەمان، دەڵێت: ئەگەر ئەو بڕیاڕەی سەرۆک بارزانی نەبووایە، ئێستا باسی دیموکراسیەت و قەوارە و هەرێمی کوردستان نەدەکرا، بۆیە هەموو لایەنەی بەشدار کە بەخێری پارتی پێی گەیشتن، نانێک بخۆن، سەدی بۆ پارتی بکەنە خێر.
مەسرور بارزانی: ئەو لایەنەی فاشیل بووبێت لە خزمەتکردنی بەشێکی کوردستان ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت داوای حکوومڕانی بکات
مەسرور بارزانی گوتی: ئە لایەنەی فاشیل بێت و سەرکەوتوو نەبووبێت لە خزمەتکردنی بەشێکی کوردستان، ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت داوای حکوومڕانی بکات لە کوردستان، کەسی فاشیل ناتوانێت حکوومڕانی بکات، گوتی: سەرۆک بارزانی دەڵێت: کەسی زمان درێژ دەستی کورتە، ئەو لایەنەی وەفای نەبووە بۆ تێکۆشەرانی خۆی، وەفای نەبووە بۆ قارەمانەکانی ئەو میللەتە، وەفای نەبووە بۆ مێژووی نیشتمانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ چۆن وەفای بۆ ئەو میللەتە دەبێت، کەسێک وەفای بۆ برای خۆی، بۆ هاوڕێی خۆی، بۆ ئەو کەسانەش نەبووە کە هێناویانەتە سەر دەسەڵات، ئەمڕۆ چۆن وەفای بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت، ئەو لایەنەی دوێنێ خاکی فرۆشت، ئەمڕۆ ئەو خاکەی پێ ناپارێزرێت.
مەسرور بارزانی: تەقینەوە و تیرۆری زاخۆ لەبیر ناکەین
مەسرور بارزانی گوتی: ئەو تاوانانەی دەرهەق بەو میللەتە کراوە لەبیری ناکەین، تیرۆرکردنی زاخۆمان لەبیر نەکردووە، خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرمان لەبیر نەکردووە. لەگەڵ هەموو خیانەتەکانی دیکە کە دەرهەق بە میللەتەکەمان کراوە، لەبیرمان نەکردووە، بەڵام ئێمە خەڵکێکی بەخشندەمان هەیە، بۆ خاتری بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆمان قەبوڵمان کرد دەرفەت بە هەموو لایەک بدەین بەڵکو بگەڕێنەوە، بەڵکو جارێکی دیکە لەبری ئەوەی ناحەز و نەیاران بکەن، فێر ببن لەگەڵ پارتی، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، گوتی: من لەو باوەڕەدام کە لەو هەڵبژاردنە لە 20ـی ئۆکتۆبەر، دەنگی ئێوە بڕیار دەدات و خەونی ناحەزان دەخاتە ژێر گڵ و ئومێدی گەلی ئێمە سەردەخات، پشتیوان بەخوای گەرە دەری دەخەن کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ کامە ئاراستەیە، ئایا دەیانەوێت لەگەڵ مێژووێک بژین کە پڕە لە ناخۆشی و نەهامەتی، یاخود ڕوو دەکەنە ڕووناکی و پێشکەوتن و ئاوەدانی، باوەڕتان بەوە هەبێت، لەگەڵ پارتی پاشەڕۆژی ئەو وڵاتە ئاوەدان و پێشکەتوو و میللەتێکی بەختەوەرە، بۆیە من گومانم نییە لەوەی خەڵکی ئێمە هەمووی لەگەڵ ئەوەیە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگی خۆیان بدەنە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەریان بخەن بە پشتیوانی خوای گەورە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی حزبێک نییە تەنها بۆ لایەنێک و ناوچەیەک بێت، پارتی بۆ هەموو کوردستانە، پارتی سەرکردەیە، هێزی خەڵکی کوردستانە، خۆڕاگرە و پارێزەرە و دوژمن بەزێنە، پارتی شەهید و خۆ نەچەماندنە، پارتی ئاوەدانی و پێشکەوتنە، هیوا و ئومێدە، پارتی، کوردستانە.
سەیر بکەن زاخۆ چۆن گۆڕاوە و چەندین پرۆژەی بۆ کراوە، پارتی لەهەر جێگایەک باڵا دەست بێت، ئاوەدانی پی دەگات، ئەمڕۆ زاخۆ بووەتە گوڵی سەری کوردستان و هەموو عێراق، دەکرێت هەموو ئەو پرۆژانەی لە زاخۆ کراون، بەهەمان شێوە بگەنە هەر جێیەکی کوردستان، پێویستە دەسەڵاتی خۆ سەپێن و نایاسایی و گەندەڵی، کە ترس و تۆقاندنی لەهەندێ شوێن بڵاو کردووەتەوە، پێویستە بە دەنگی خۆتان کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنن، ئەگەر ڕێ لە پارتی نەگیرێت، پارتی جیاوازیی لە هیچ بەشێکی کوردستان ناکات بۆ خزمەتکردن، گوتی: ئەگەر دەتانەوێت بڕیاری کوردستان لە دەستی کوردستان بێت، ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.