سەرۆکی حکوومەت و کونسوڵی نوێی میسر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز مەحموود فاروق یوسف، کونسوڵی نوێی میسر لە هەرێمی کوردستان کرد .
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هەموو پشتیوانییەکی بۆ کونسوڵی میسر دووپات کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
کونسوڵی میسر خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەندروستی و خوێندن و گەشتوگوزاردا .
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و جەخت لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دوور لە پێشێلکاری و تەزویر و ساختەکاری کرایەوە.