هۆکاری شەڕەکەی کرێکارەکانی کامپ نۆ ئاشکرا بوو

سەرەڕای ئەوەی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا، بە پەڕۆشن بۆ تەواو بوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای یانەکەیان '' کامپ نۆ ''، بەڵام ناوی ئەم یاریگایە دوێنێ بوو بە مانشێتی میدیاکان بەهۆی شەڕی نێوان 20 کرێکاری بیانی.
رۆژنامی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینی رێکەوتی 11ـی ئۆکتۆبەری 2024 دەوروبەری کاتژمێر 14:30 بە کاتی ئیسپانیا، شەڕێکی توند لە نێوان چەند کرێکارێکی بیناسازی لە یاریگای کامپ نۆ دروست بوو. ئەم شەڕە کاردانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی جیهان هەبوو و تاوەکو وایلێهای پۆلیس دەستی بە لێکۆلینەوە لەسەر روداوەکە کرد.
چەند خولەکێکی کەم لە دوای روداوەکە، پۆلیسی شاری بارسێلۆنا گەیشتە یاریگای کامپ نۆ و بارودۆخەکەی هێور کردەوە و چەند کرێکارێکیش دەستگیرکران. دوای لێکۆلینەوەیەکی چەند کاتژمێری دەرکەوت، شەڕەکە لە نێوان چەند کرێکارێکی رۆمانی و هەروەها ئەڵبانی بووە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە پۆلیسی شاری بارسێلۆنا دوای لێکۆلینەوەکە لە رووداوەکە بۆی دەرکەوت، سەرەتا شەڕ لە نێوان دوو کرێکار بووە، یەکێکیان تفی لە ئەوی دیکەیان کردووە و پاشان رووبەڕووی یەکتری بونەوە، دواتر هاوڕێکانیشیان تێکەڵ بە کێشەکە بوینە.