بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین بەڕێوە دەچێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی 540 یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش بە خانەوادەی شەهیدان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-10-2024، کاتژمێر 12:00،  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین) بەڕێوە دەبات.

لە پلاتفۆرمەکەدا بەشێک لە کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ منداڵان دەخرێتە ڕوو. هاوکات، 540 یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكات.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی ناحكوومی و ناسیاسی و قازانج نەویستە، له ساڵی 2005 له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دامەزراوە و مەسرور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە. 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ژێر ڕۆشنایی وتەیەكی "مستەفا بارزانی" كە دەفەرموێت: “شانازییه بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”، دەستی بە كار و چالاکی كردووە.

هەروەها مۆڵەتی كاركردنی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق وەرگرتووە و له ویلایەته یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش لە ساڵی 2016 مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە. 

له كۆبوونەوەی مانگی نیسانی ساڵی 2016ی ئەنجوومەنی كارگێڕی و هەماهەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك ئەندامی ڕاوێژكاری له ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیی "ECOSOC" قبووڵ كرا. هەروا لە مانگی 4ی ساڵی 2020 بە فەرمی لەلایەن كۆمیسیۆنی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی بەریتانیاوە مۆڵەتی كاركردنی پێدرا و لە ساڵی 2016 لە وەزارەتی دەرەوەی كوەیت وەك ڕێكخراوەیەکی خێرخوازیی دانی پێدا نرا.

كارە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سنووری هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراقی تێپەڕاندووه، لە هەر یەك له وڵاتانی توركیا، سووریا، سربیا، ئوسترالیا، سعوودیە، بەنگلادش، لوبنان، یەمەن، باشووری سودان و چەند وڵات و ناوچەیەکی دیکە خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە.

هەروەها لە سەرەیای ساڵی 2023 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە خزمەتگوزارییەكانی لە بواری ئیداری و كارە خێرخوازییەكانی بڕوانامەی  ISO 9001:2015  ی وەرگرتووە.