مەسرور بارزانی: کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر بە شێوەیەکی هاوچەرخ و سەردەمییانە دروست کراوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە؛ کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمری لە هەولێر کردەوە. 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: "باوەڕم نەدەکرد بەم شێوە پێشکەوتووە ئەم کۆمەڵگەیە دروست کرابێت، جێی دەستخۆشییە و جێی شانازییە. دەستخۆشیی لە وەزارەتی پەروەردە و سەرپەرشتیارانی ئەم کۆمەڵگە پەروەردەییە پێشکەوتووە دەکەم کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی هاوچەرخ و سەردەمییانە دروست کراوە و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێک هاتووە".

وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد: "جگە لە لایەنی خوێندن و فێربوون، لایەنە گرنگەکانی دیکەی ژیانیش لە دروستکردنی کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر لە بەرچاو گیراوە، وەک دابینکردنی پێداویستی، دامەزراوە وەرزشی، هونەری و تەندروستییەکان، ئەمە جگە لە سیستەمی سەلامەتی و ئاگر کوژێنەوە. هەروەها ڕووبەرێکی باشیش لەم کۆمەڵگەیە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە، کە ئەمانە کەشێکی لەبارتر و خۆشتر دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی قوتابییان زیاتر هۆگری قوتابخانە بن و کاتێکی بە سوودی تێدا بەسەر ببەن". 

ئەم کۆمەڵگەیە بە گوتەی مەسرور بارزانی "بە ناوی ڕێبەریی نیشتمانیی گەلی کورد، جەنابی بارزانیی نەمر کراوە؛ ئەو ڕێبەرەی هەموو ژیانی خۆی لەپێناو سەربەزیی نەتەوەیی بەسەر برد و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی ئەوە بوو کە گەلی ئێمە بە ئازادی و سەربەرزیی، بە زمانی خۆی بخوێنێت و گەنج و لاوانی کوردستان لە ڕێگەی خوێندنەوە پێش بکەون و زیاتر خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن".   

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "ئەو ئازادی، ئاسایش، سەقامگیریی و دەستکەوتانەی هەمانە، هەمووی لە سایەی خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و شەهیدە سەربازەکانمانە. هیوادارم ئەم کۆمەڵگەیەش، قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرەکانی لە ئاست ناوی پڕ شکۆی بارزانیی نەمر بن و نموونەی زیرەکی و لێهاتوویی و ڕەوشتبەرزی، نیشتمانپەروەریی و ژینگەدۆستی بن". 

مەسرور بارزانی پێی وایە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە قوتابخانەی زیاتر دروست بکرێن و ئەو قوتابخانەی پێویستییشیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بە زووترین کات نۆژەن بکرێنەوە. گوتیشی: لە ساڵانی ڕابردووشدا، سەرەڕای بارودۆخی سەختی داریی، حکوومەت بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، دەیان قوتابخانەی نوێی دروستکردووە و نۆژەن کردووەتەوە و لەسەر بەرنامەیە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن بەردەوام دەبین.

 
 
 
 
 
 

 

کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر پێکدێت لە باخچەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی، قوتابخانەی دواناوەندی کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. 

پێکهاتەی باڵەخانەی کۆمەڵگە 60 هۆڵی خوێندن و 25 ژووری ستافی کارگێڕیی و مامۆستایانی تێدایە، بەم شێوەیە: 

8 هۆڵی باخچەی منداڵان

18 هۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتی

34 هۆڵی قوتابخانەی دواناوەندی 

25 ژووری ستافی کارگێریی و مامۆستایان 

3 تاقیگەی کۆمپیوتەر

2 تاقیگەی زانست 

یەک تاقیگەی کیمیا

یەک تاقیگەی فیزیا 

یەک تاقیگەی بایۆلۆجی

لە ڕووی هونەرییەوە کۆمەڵگەکە ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە: 

4 ژووری هونەر

2 ژووری میوزیک

2 وێنەکێشان

2 کتێبخانەی بۆ مامۆستایان و قوتابیان 

یەکەی تەندروستی کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر کە پێکدێت لە:

2 دوو پزیشک 

6 شەش پەرستار 

یەک شۆفێری ئەمبوڵانس 

پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی

⁠ئۆتۆمبیلی ئەمبولانس 2024

لە ڕووی بایەخدانی وەرزشییەوە : 

شوێنی یاری شەترەنج  بە شێوەی کراوە 

3 سێ یاریگەی تۆپی پێ و بالە و باسکە

مەلەوانگەی داخراو

⁠شوێنی تێنسی سەرمێز

⁠شوێنی تایکواندۆ

⁠ژووری مامۆستای وەرزش

ستافی کارگێریی و وانە گوتنەوە پێکهاتووە لە: 

168 مامۆستا و فەرمانبەر و ڕێنمایکاری پەروەردەیی

ڕووبەری کۆمەڵگە: 

22,671 مەتری دوجایە

 هۆڵی گەورە:

- هۆڵێکی بەڕووی 500 مەتر دوجایە بۆ سیسمینار و کۆبونەوە و تاقیکردنەوەکان

- ⁠هۆڵێک بە ڕووبەری 220 مەتر دوجایە بۆ سیسمینار و تاقیکردنەوەکان

 ڕووبەری سەوزایی کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر پێکهاتووە لە:

 پێنج هەزار مەتر سەوزایی لە ڕووبەری کۆمەڵگەکە هەیە.

4 پرسگە

200 کامێرای چاودێری دەنگ و ڕەنگ 

 سیستمی دەنگی مەرکەزی

سیستمی ئاگرکوژێنەوە

 ژووری ڕاهێنانی مامۆستایان 

هۆڵی کۆبونەوەی مامۆستایان 

کافتریا بە ڕووبەری 220 مەتر

⁠کافتریا بەڕووبەری 150 مەتر

چوار ژوور بۆ شوێنی مانەوەی منداڵانی خوارچوار ساڵی مامۆستایان و فەرمانبەران دابینکراوە، کە دوو ژوو بۆ نوستن و دوو ژوور بۆ یاری کردن.

ژمارەی قوتابیان ٩٦٥ قوتابی.

سیستمی سمارت بۆرد بۆ هەموو پۆلەکان دابینکراوە لەگەڵ شاشەی گەورەی جێگیری هۆڵی سیمینار و پۆدیۆمی دیجیتاڵی لەگەڵ سیستمی ئینتەرنێتی مەرکەزی بۆ هەموو کۆمەڵگەکە.

 هەر لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و 1660 قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی دیکە لە کەرتی حکوومەتیدا بکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment