سەرۆک وەزیران: خزمەتکردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەرکی لەپێشینەی حکوومەت بووە

یەکشەممە، 13-10-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین)ـی بەڕێوە برد؛ هاوکات 540 یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کران.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لەسەر ڕاسپاردە، فەرمان و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بووە و جەنابیان هەمیشە خۆی بە قەرزاری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزانێت و ئەمە وا دەکات هەموو خەڵکی کوردستان هەر هەموومان، خۆمان بە قەرزاری ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بزانین؛ خزمەتکردنی ئێوە، ئەرکە و شانازییە بۆ ئێمە".
لەبارەی پێشکەشکردنی 540 یەکەی نیشتەجێبوون بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، سەرۆک وەزیران ئەوەی خستە ڕوو: "ئەرکێکی زۆر بچووکە لە بەرانبەر ئەو قوربانییەی ئێوە بۆ گەل و وڵاتەکەتان داوە، هیچ شتێک ناتوانێت قەرەبووی قوربانی ئێوە بکاتەوە، مەگەر خوا بۆ خۆی، چۆن ئێوەی سەربەرز کردووە لەم دونیایە، پاداشتی ئێوە لەو دونیایەش بداتەوە ئینشائەڵلا".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە: "هەرچی بکەین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، هەر کەمە و بەداخەوە لەبەر بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیە، لەوانەیە نەمان توانیبێت وەکوو پێویست لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین، هەرچەندە خزمەتکردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەرکی لەپێشینەی حکوومەت بووە و هی تاکە تاکی ئێمە بووە، هی دەزگای خێرخوازیی بارزانیش بووە".
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: "هەوڵمان داوە ئەوەی پێمان بکرێت بۆ ئاسانکردنی گوزەری ژیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بیکەین؛ وەک دابینکردنی ئاسانکاریی و پێدوایستی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی یانیش دابینکردنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی سەربەرزی شەهیدان".
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئازیزان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
شانازی دەكەم ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستم. ڕێگەم بدەن سڵاوی بەڕێز جەنابی سەرۆكتان پێ بگەیەنم. جەنابیان سڵاو و ڕێز و پێزانینی بۆ هەر هەمووتان هەیە و ئەم رێوڕەسمە لەژێر چاودێری و فەرمان و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەنجام دەدرێت. جەنابیان هەمیشە خۆی بە قەرزاری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزانێت، ئەمە وادەكات هەموومان، هەموو خەڵكی كوردستان، خۆمان بە قەرزاری ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بزانین. خزمەتكردنی ئێوە ئەرك و شانازییە بۆ ئێمە و خۆشحاڵین ئەمڕۆ ئێمە بتوانین لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین بۆ بەجێگەیاندنی ئەركێكی زۆر بچووكیش بەرامبەر بە ئەو قوربانییەی كە ئێوە بۆ گەل و وڵاتەكەتان داوە. هیچ شتێك ناتوانێت قەرەبووی قوربانیی ئێوە بكاتەوە، مەگەر خودا بە خۆی، چۆن ئێوەی سەربەرز كردووە لەم دونیایە، پاداشتی ئێوە لەو دونیاش بداتەوە ئینشائەڵا.
ئێمە هەرچی بكەین كەمە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بەڵام بەداخەوە لەبەر دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی، لەوانەیە نەمانتوانیبێت وەكوو پێویست لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین، هەرچەندە خزمەتكردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ئەركی لەپێشینەی حكومەت بووە، هی تاك بە تاكی ئێمە بووە، هی دەزگای خێرخوازیی بارزانیش بووە. لەم ڕوانگەیەوە هەوڵمان داوە ئەوەی پێمان بكرێ بۆ ئاسانكردنی گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان، بە تایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەوەی لەدەستمان بێت بیكەین، هەروەك دابینكردنی ئاسانكاری و پێداویستیی تەندروستی بۆ ئەو كەسانەی پێویستییان پێیەتی، یانیش دابینكردنی هەلی خوێندن بۆ منداڵەكانی سەربەرزی شەهیدان.
لێرەش، ئێمە ئەمڕۆ كۆبووینەوە بۆ دابەشكردنی كۆمەڵێك یەكەی نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەبێ جیاوازی، هەر كەسێك لە هەر گوند و شارێك بێت لە پارێزگای هەولێر و لە شەڕی نەگریسی داعش شەهید بووبێت، بەبێ ئەوەی بیر لە ئەوە بكەینەوە ئینتیمای سیاسی چییە و سەر بە چ لایەن و حزب و بیروباوەڕێكی سیاسییە، بەبێ جیاوازی، بڕیاری ئەوەمان داوە كە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هەموو شەهیدان دابین بكەین، ئەمەش جێی سەربەرزییە و ئەمە ئەو ئەركە پیرۆزەیە كە لەسەر شانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دواكەوتووەكانی ڕێبازی بارزانییە كە ڕێز لە شەهید بگیرێت، هەر كەسێك گیانی خۆی بكات بە قوربانی گەل و وڵاتەكەی، بۆ ئێمە شەهیدە، برایە، كەسوكارە و هیچ جیاوازییەك لە ڕێزەكانی شەهید ناكرێت، لەبەر ئەوە ئێمە شانازی دەكەین كە بتوانین خزمەتكاری هەموو شەهیدان بین بەبێ فەرق و جیاوازی.
من سوپاسی دەزگا دەكەم كە زۆر ماندوو بوون لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە و چەندین پرۆژە پێشتریش كە ئەنجام دراون و سوپاسی ئەو وڵات و رێكخراوە نێودەوڵەتییانەش دەكەم كە هاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی بوون بۆ دابینكردنی هاوكاری بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كارە خێرخوازییەكان، سوپاسی سەرمایەدار و بازرگان و خێرخوازانی كوردستان دەكەم كە زۆر یارمەتیی دەزگایان داوە و هەمیشە پاڵپشتی سەرەكی بوون بۆ ئەوەی كارە خێرخوازییەكان بەردەوام بوون. هەموومان بەیەكەوە دەتوانین زیاتر هاوكاریی یەكتر بكەین و شانازی دەكەم بەوەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ببێتە دەزگایەكی جێی متمانە و شانازیی هەموومان. دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ئینشائەڵا بەردەوام بن لەو ئەركە پیرۆزەی كە گرتووتانەتە بەر و بەردەوام بن لە خزمەتكردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵكێكی كوردستان كە پێویستییان بە هاوكاری بێت. دەزانم دەزگا لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كاری زۆری كردووە و هاوكاری و بەخشندەیی خەڵكی كوردستانی بە زۆر لایەن و ئەو كەسانەی كە پێویستییان بە هاوكاری بووە، گەیاندووە، هەروەكوو بوومەلەرزەكان كە لە توركیا ڕوویان دا و لە سووریا، دوای ئەوەی تووشی ئەو هەموو كێشە و نەهامەتییانە هاتن، بە تایبەتی خوشك و برا كوردەكانمان كە بەداخەوە زەرەر و زیانێكی زۆریان پێكەوت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێش هەموو لایەنێك بە هانای ئەو خۆشەویستانە چووە، ئەمەش بۆ ئێمە جێی شانازییە كە هەموو لایەنێك بزانێت، جەنابی بارزانیی نەمر چۆن لە ژیاندا بۆ كوردستان ژیاوە، دوای ئەوەش ناوی هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و هەر لە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستاندا دەبێت.
پێش دوو ساڵ ئێمە زیاتر لە 368 یەكەی نیشتەجێبوونمان لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەسەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا دابەش كرد، ئەمڕۆش ئێمە لێرەین بۆ دابەشكردنی 540 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر بنەماڵەی شەهیدان. ئەمانە ئەگەر بنەماڵەی شەهیدی تر بمێنێت، دیسان ئێمە بەردەوام دەبین لە پرۆژەی هاوشێوە، تاكوو هیچ بنەماڵەیەكی شەهید نەمێنێت لە هەموو كوردستان ببێت بە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆی، ئەمە سۆز و پەیمانە و ئینشائەڵا جێبەجێشی دەكەین.
من نامەوێ زۆر لە كاتی ئێوە بگرم، بەڵام هەر لە كۆتایی دەمویست دیسان ئاماژە بە هەندێك كاری تری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بدەم، پێش ئەوەی بێینە خزمەتی ئێوەی بەڕێز، كۆمەڵێك بۆنەی تر هەبوو كە لە هاتنە ژوورەوەم چووینە خزمەتی ئەو كارە خێرخوازییانەی كە دەزگای بارزانی بۆ هاووڵاتیانی تر دەیكات. شانازی دەكەین كە دەزگا بۆتە فریادڕەس و هاوكار بۆ ئەو منداڵانەی كە كێشەی ئۆتیزمیان هەیە، هاوكاریمان كردوون و بەردەوام دەبین لەوەی كە تۆزێك لە ئێش و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە و وابكەین بە خزمەتكردنی شایستەیان، بیانگەڕێنینەوە نێو كۆمەڵگە. خۆشحاڵ بووم كە بینیم كۆمەڵێك لەو خۆشەویست و ئازیزانە ئێستا ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە. هەروەها ئەو خۆشەویستانەی كە نەخۆشیی تالاسیمیایان هەیە، دیسان دەزگا هاوكارێكی سەرەكی بووە و بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو خۆشەویست و ئازیزانە.
ئێمە زۆر ئازیزی ترمان هەیە كە پێویستییان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبووە، ئەوانەی دایك و باوكیان لەدەست داوە، دیسان دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە جیاتی دایك و باوك و كەسوكاریان، ئەركی سەرپەرشتیكردنیانی خستۆتە ئەستۆ و شانازی دەكەین كە بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئەو ئازیزانەش.
زۆر منداڵ یان خەڵكی تری هەژاریش هەبووە كە پێویستییان بە هاوكاریی تەندروستی هەبووە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات، دیسان دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكوو فریادڕەس هاوكار بووە. من جارێكی تر دەیڵێمەوە، هەموو ئەو ئەركە پیرۆزانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرتوویەتیە ئەستۆ، ئەمانە لە دڵەوە و بەبێ منەت، بەپێی ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك، بەبێ ئەوەی منەت بەسەر هیچ كەس و لایەنێكدا بكەین، وەكوو ئەرك و شانازی، ئێمە دەیكەین و بەردەوام دەبین. هیوادارم ئێوە ڕازی بن، خەڵكی كوردستانمان لێ رازی بێت، بە تایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لێمان ڕازی بن و لە دوعاكانی خۆتان بێبەشمان نەكەن. هەر سەرفراز بن، ئێمەش بتوانین هەر لە خزمەتی ئێوەدا بەردەوام بین. زۆر زۆر بەخێر بێن جارێكی تر.