سیروان محەممەد: کابینەی نۆیەم هەوڵی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی داوە
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هەوڵی سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و کۆنترۆڵکردنی نرخی کەلوپەل بووە".
دووشەممە، 14ـی ئۆکتۆبەری 2024، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە کابینەی نۆیەم و پلانەکەیدا، هەوڵ دراوە بەرهەمی ناوخۆیی پەرەی پێ بدرێت، ئەوە هەوڵێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی نرخی ئەو کەلوپەلانەی لای هاووڵاتییانەوە بەکار دەهێنرێن لە خۆراک و ئەوانی دیکە لە بازار جێگیر بکرێت".
ئەو بریکارە دەڵێت: "هەوڵێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابوورییەوە ئەو بڕە نەختینەیەی کە هەیە لە بازاڕ گۆڕینی بەسەر نەیەت، ئەویش لە ڕێگەی بەردەوامبوون و لە ڕێگەی بڕیارەکانی دابەشکردنی مووچە، ئەمەش وایکرد، نرخەکان بە جێگری لە بازاڕدا بمێنێتەوە".
هەروەها دەشڵێت: "کاریگەری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە و کاریگەری دروست دەکەن لەسەر نرخەکان، ئەوەی ئێمە تێبینمان کردووە لە وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار، کە نرخەکان لە ڕێگەی ئاماری مانگانە جێبەجێ دەکرێن، گۆڕینی زۆر گەورە بەخۆوە نابینێت، بۆ نموونە ئەو گۆڕینەی ڕوویداوە لە نێوان مانگی حەوت و هەشت، ئێمە کە لە مانگی هەشت کە چاودێری بازاڕمان کردووە نرخی کەلوپەلەکان 0.1% بووە بە بەراورد بە مانگی حەوت، ئەوەش گۆڕینێکی سروشتییە، نابێتە هۆی بەرزبوونەی نرخەکە لە بازاڕەکاندا".
سیروان محەممەد، ڕاشیگەیاند: "ئەوەی لە وەزارەتی پلاندانان دەکرێت چاودێری کردنی بەرزی و نزمی نرخەکانە لە بازاڕ، لەگەڵ بەردەستبوونی داتاکان مانگانە ئێمە ڕاپۆرتەکە بڵاو دەکەینەوە، ئەو ڕاپۆرتانە لەلایەن ئاماری پارێزگاکانەوە چاودێری دەکرێن، ڕاپۆرتەکە دەدرێت بە پارێزگار بۆ ئەوەی ئاگادار بێت لە گۆڕانی نرخی هەر کاڵایەک و کەلوپەلێک".