ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەولەویاتی کاری کابینەی نۆیەم بووە

نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان یەکێک بووە لەو بابەتانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێداو، وەک بەشێکی سەربەخۆ خراوەتە نێو پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، بۆ ئەم مەبەستەش کار کراوە بۆ جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرەنگار بوونەوەیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە رایگەیاند: لە حکومەتی هەرێم هەوڵی جددی دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و لەم رووەوە یاسای ژمارەی یەکی ساڵی 2020 یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكانی دەركرد و لیژنەیەكی باڵاش پێکهێنراوە، هەروەها ڕۆژى 15ـی تشرینی یەکەمی 2023 بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوە چوو.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووان، بۆ ئەم مەبەستە سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەری هۆشبەر لە چاکسازییەکانی سلێمانی و دهۆک کراوەتەوە و لە شەش مانگدا نزیکەی (80) بەکارهێنەریان گەڕاندوونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، لە هەولێریش شوێنێک بۆ سەنتەری چارەسەری ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەركان دەستنیشانكردووە لە (قەزای شەقڵاوە).لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەم سەنتەرە.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە، لیژنە تایبەتەکان سەردانی شوێنە گومان لێکراوەکان دەکەن و لەم رووەوە گوتی: بۆ بەدواداچوونی و زانینی سەرچاوە جیاجیاکانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا (612) سەردانیان بۆ دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، کۆمپانیا و نۆرینگەکان ئەنجامداوە و بە هۆی سەرپێچییان (63) دەرمانخانە، (22) کۆمپانیا، (33) نۆرینگە و (4) کۆگای دەرمان داخران.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گیراوان و سزادراوانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانە بەردەستن لە بەرواری 1ـی کانوونی دووەمی 2024، تا 30ـی ئابی 2024، ژمارەی دەستگیرکراو و سزادراو بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرە بەم شێوەیە بوو (5.162) سزادراو و ڕاگیراو لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە (29) ئافرەتی بەکارهێنەر بوون ، هەروەها لەو ماوەیە بڕی زیاتر لە (622) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جیاجیا و بڕی (1.962.200.00) یەک تەن و نۆ سەد و شەست و دوو کیلۆ و دوو سەد گرام کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە .
زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم رووەوە توێژینەوەیەکی وردمان ئەنجامداوە کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر بە قاچاخ بردنی ماددەی هۆشبەر و شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی، ئەمەش دەبێتە بەرچاوڕوونی و کارئاسانی زیاتری لایەنە حکومییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی کەنەدا پرۆژەیەکی پشتیوانی دارایی راگەیاندووە بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستی لۆجیستی له ئامێری پێشکەوتووی پشکنین، ئامێرە پزیشکییەکان، بە دیجیتاڵکردنی داتا، بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین .