مەسرور بارزانی: زۆر لایەن هەبوون پێشتر مامەڵەیان بە هێنان و بازرگانیكردن بە بابەتی دەرمان دەکرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەزانم زۆر لایەن هەبوون پێشتر مامەڵەیان بە هێنان و بازرگانیكردن بە بابەتی دەرمان دەکرد، بەڵام ئەم ڕێكارانەی حكوومەت گرتوویەتیە بەر بۆ ئەوەیە كە ئێمە، هاووڵاتیمان كردۆتە سەنتەری گرنگیدان.
دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ( خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ستراتیژی ڕیفۆرمی سیستەمی تەندروستیی ،چاكسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دەرمان)، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە میانی گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە كرد، هەندێك كار كە ئەنجام دراون و بەرهەمەكانیشی بۆ ئێمە دیارە، بابەتی رێنماییەكانی هاوردەكردنی دەرمان و خۆراك و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیكاران.
سەرۆک وەزیران گوتی: دەزانم زۆر لایەن هەبوون پێشتر مامەڵەیان بە هێنان و بازرگانیكردن بە بابەتی دەرمان كردووە و لە سنوورە جیاوازەكان بۆ هێنانی ئەم دەرمانانە، بەداخەوە بۆ ئەوەی سوود بە هەندێك بازرگان بگەیەنێت، زیانێكی زۆریان بە هاووڵاتیان گەیاند.
مەسرور بارزانی گوتی: ئەم ڕێكارانەی حكوومەت گرتوویەتیە بەر بۆ ئەوەیە كە ئێمە هاووڵاتیمان كردۆتە سەنتەری گرنگیدان، ئاماژەی بەوە کرد کە، سەلامەتیی هاووڵاتی بۆ ئەوان زیاتر و گرنگترە لە سوودی بازرگانی، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی كە نابەرپرسیار بوون.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان کرد كە ڕێکارەکانیان گرتووەتە بەر و كارێكی باشیشیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان و خۆراك كردووە.