نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەییەکەی ڕانیە، ناوێکی گەورە و شارێکی وێرانە
دەیان پڕۆژە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەرین و گەرمیان هەن کە بەنیوەناچڵی جێ هێڵراون و تەواو نەکراون.
بەرپرسانی حکوومەت و پارتی دەڵێن: "زۆرینەی ئەو پڕۆژانە پارەیان زیاتر لە جارێک بۆ خەرج کراوە، پڕۆژەکە ماوەتەوە و تەواو نەکراوە و پارەکەش دیار نەماوە".
نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی ڕانیە یەکێکە لەو پڕۆژانە کە 12 ساڵە بەردی بناغەی دانراوە و حکوومەتی هەرێم 107 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کردبوو، ساڵی 2014 دوو کۆمپانیای تورکی بەهۆی ئەوەی پارەی پڕۆژەکەیان پێ نەدرا وازیان لە جێبەجێکردنی هێنا.
ساڵی 2012 بەردی بناغەی دانراوە، بڕیار بوو دوای دوو ساڵ بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی سنورەکە، بەڵام دوای 12 ساڵ جگە لە چەند نهۆمێک و دیوار و بلۆکی هەڵچنراو شتێکی تری لێ سەوز نەبووە.
ئارام پشدەری، کاندیدی ژمارە 2 لە لیستی 190ـی پارتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی ئێرە کە دەڵێت دەسەڵات ڕێک دەخەینەوە، قسەکەیان تەواوە، دەبێت حوکمڕانی ئەم دەڤەرە ڕاست کەنەوە. چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان، بەگوێرەی ئەو بەرنامە و پلانەی هەیانە، بودجەیان بۆ پارێزگاکان و شارو شارۆچکەکان تەرخان کردووە، تاکوو خزمەتگوزاری تەواو بگاتە خەڵک، بەڵام بەداخەوە زۆربەی زۆری پرۆژەکان بە نیوەناچڵی بەجێ هێڵراون".
لە کابینەی نۆیەم بەپێچەوانەی پارێزگای هەولێر کە یەکێتیی و گۆڕان بەشێک لە پۆستە کارگێریەکانیان بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن وەرگرت، پارتی لە پارێزگای سلێمانی هیچ پۆستێکی وەرنەگرتووە تەنانەت بەڕێوبەری قوتابخانەیەکیش، کاندیدانی پارتیش دەڵێن: "چوونی کاندیدانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمان گرنگە، ئەوان دەتوانن زیاتر دەستی ئاوەدانی بگەیەننە ئەو پارێزگایە".
د. باخان ئازاد کاندیدی پارتی لە بازنەی سلێمانی گوتی: "ئەو دەسەلاتەی بە جێگیری حکوومەت دراوە لە کابینەی نۆیەم، بۆ ئەوەی خزمەتی دەڤەری سلێمانی پێ بکات، زۆر لەوە زیاتر بووە کە لە کابینەکانی دیکەدا هەبووە. لەبەر ئەو هۆیە پیویستە خەڵکی سلێمانی، دەڤەری راپەرین و گەرمیان، هەڵەبجە، هەموویان دەبێت بگەنە ئەو ڕاستییەی کە دەبێت کورسی پارتییان هەبێت".
کابینەی نۆیەم سەرباری چەندان ئاستەنگ و قەیران، تەواوکردنی سەدان پرۆژەی تەواو نەکراوی کابینەکانی پێش خۆشی ڕووبەڕووکرایەوە بەتایبەت پرۆژە تەواو نەکراوەکانی پارێزگای سلێمانی.
بەرپرسانی یەکێتیی و ئیدارەی خۆجێی سلێمانی دەڵێن: "لە نێوان پارێزگاکان جیاوازی لە دابینکردنی پارە بۆ پرۆژەکان دەکرێ، لەبەرامبەردا پارتی و حکوومەت دەڵێن: دادپەروەری ڕەچاو کراوە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی پارەی پرۆژەکان دیار نامێنێ".