مێسی بەردەوامە لە شکاندنی ریکۆردە مێژووییەکان

ئەستێرەی مێسی بەردەوامە لە درەوشانەوە

لیۆنێل مێسی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
لیۆنێل مێسی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

لیۆنێل مێسی لە تۆمارکردنی ریکۆردە مێژووییەکان بەردەوامە و ئەمجارە توانی خۆی بگەیەنێتە ریزبەندی دووەم گۆڵکاریی مێژوویی لە یاریی نێودەوڵەتییەکان.

لە پاڵاوتنەکانی ئەمەریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بۆلیڤیا رووبەڕووی یەك بوونەوە، تانگۆ بە ئەنجامێکی گەورە و بە 6 گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.

مێسی لەو یارییە درەوشایەوە و توانی هاتریك تۆماربکات و جارێکی دیکە بۆ جیهان بسەلمێنێت هێشتا یاریزانێکی گەورەیە لە لاکێشەی سەوزی یاریگە.

لیۆ بە تۆمارکردنی ئەو هاتریکە دوو ریکۆردی گەورەی مێژوویی نووسیەوە:-

· ریکۆردی کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە 10 هاتریك لە یارییە نێودەوڵەتییەکان یەکسانکردەوە. 

· گۆڵی ژمارە 112ی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە ریزبەندی دووەمی زۆرترین گۆڵ لە یارییە نێودەوڵەتییەکان.

دوای تۆمارکردنی 3 گۆڵ و دوو هاتریك بەرامبەر بۆلیڤیا، مێسی لە کاروانی وەرزشیی خۆی لە 1077 یاریی بەشداریی لە 1223 گۆڵ کردووە.

ئەستێرەکەی تانگۆ 188 یاری بۆ ئەرجەنتین کردووە و توانیویەتی 57 ئاسیست و 112 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات.

ریزبەندی گۆڵکاران لە یارییە نێودەوڵەتییەکان دوای تۆمارکردنی هاتریکەکەی مێسی:-

1. کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی 132 گۆڵ

2. لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی 112 گۆڵ

3. عەلی دایی ئێرانی 109 گۆڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی ئەمەریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال 22 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پێشەنگی کۆمەڵەکەی دێت، هەڵبژاردەی بەرازیلیش بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ ریزبەندی چوارەمی گرتووە.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment