رووماڵ

وردەکارییەکانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر

له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ دیموگرافیای ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ی به‌ خوێنی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرابوون و ڕووبه‌ره‌كه‌ی به‌ زیاتر له‌ 51%ی خاكی هه‌رێمی كوردستان مه‌زەنده‌ ده‌كرێت، جارێكی دیكه‌ كه‌وتەوە‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی عێراقی به‌ تایبه‌ت حه‌شدی شه‌عبی، .

مەرامەکانی داگیرکردنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، یه‌كێك له‌ مه‌رامه‌كانی داگیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ بوو، به‌تایبه‌ت پارێزگای كه‌ركووك کەلەم چەند ساڵەدا زیاتر له‌ 25000 خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ی بۆ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها نه‌مانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ڕووداوه‌ ئه‌منییه‌كان زیادیان كرده‌وه‌ و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێن ده‌كه‌ن، له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ 4887 ڕووداو تۆمار كراوه‌.

پێشێلکارییەکانی دژ بە هاووڵاتیانی کورد

هەروەها له‌ درێژه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی دژ به‌ هاووڵاتیانی كورد ده‌كرێت، له‌ كه‌ركووك له‌ دوای ڕووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ 3000 ماڵی هاووڵاتیان تاڵان كراوه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی پاكتاوی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر له‌ پارێزگای كه‌ركووك جارێكی دیکە گۆڕانی‌ پۆستی ئیدارییه‌كان كران و 120 پۆست لە کەرته‌ جیاوازه‌كانی خزمه‌تگوزاری و ئه‌منی له‌ به‌رپرسانی كورد وه‌رگیراوه‌ته‌وه ‌و عه‌ره‌ب و توركمان له‌ شوێنیان ده‌ستبه‌كاربوون.

هه‌روه‌ها بۆ ترسان و زیاتر تۆقاندنی هاووڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن 200 خانووی هاووڵاتیان له‌ كه‌ركووك سووتێنراوه‌. هەروەها بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان به‌ چاو و گوێچكه‌ی هاووڵاتیان نه‌گات، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ته‌نیا له‌ كه‌ركووك نووسینگه‌ی پێنج دەز‌گای ڕاگه‌یه‌ندن  سووتێنرا.

هه‌روه‌ها 50 باره‌گا و باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ پارته‌ كوردستانییه‌كان له‌و شاره‌ كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی داگیركردن.

به‌هۆی ترس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق و گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی زیاتر له‌ 53 هه‌زار خێزان ته‌نیا له‌ كه‌ركووك ئاواره‌بوون .

له‌ له‌شكركێشییه‌كانی عێراق دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان، 28 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون له‌ كاتێكدا به‌گوێره‌ی ده‌ستوور پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌می به‌رگریی عێراق. هه‌روه‌ها 283 هاووڵاتی مه‌ده‌نیش به‌ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقی كوژران له‌گه‌ڵ برینداربوونی 453 كه‌سی دیكه‌ی مه‌ده‌نی.

کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی: "چەند كاڵفام و لادەرێکی ناو یەكێتی بە سەرشۆڕی چوونە ناو لاپەڕە رەشەكانی مێژوو"

كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، لەدوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بێبەریبوونی خۆی هەڵسوكەوتی كوڕەكانی مام جەلال ڕاگەیاند کە 51% خاكی كوردستانیان ڕادەست كرد و گوتی: "كاڵفام و لادەری ناو یەكێتی بە سەرشۆڕی چوونە ناو لاپەڕە رەشەكانی مێژوو"

ئەوكات کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕووی دەمی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و گوتی: "لەبری ئەوەی گوێ لە گەلی كورد بگرن ڕووبەڕووی گەلەكۆمەكی كرانەوە. بەجێهێشتنی گەلەكەمان بەتەنیا لەبەردەم هێرشی میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، جگە لە ئەنفال و قەتڵوعامكردنی خەڵكەكەی لێكدانەوەی دیكە هەڵناگرێت، بەڵام ئەوەی برینەكە بەسوێ دەكات چەند كەسێكی لادەری یەكێتی و كاڵفام بوونە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران بەم كارە قێزەونانە بەسەرشۆڕی چوونە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووەوە".

ئاماژەی بەوەش کردبوو: "ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ، بووە هۆی چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەری سەنگەرەكان و پشتی هێزەكان وایكرد ئەمجارە ڕووداوەكان بە قازانجی گەلی كورد نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لەو دەستكەوتە لە دەست بدرێت".

جێگری سكرتێری پێشووتری یەكێتی دووپاتی لەوە كردەوە: "كە زیانەكانی لەدەستدانی دەستكەوتی نەتەوەیی زۆر گەورەن و كارەساتی كەركووك و دوز و هەموو زیانە گیانی و ماددی و مەعنەوییەكان ئۆباڵییەكەی لە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتییە".

نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک: ‌16ـی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێك بوو خه‌ڵكی كه‌ركووكی خسته‌ ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری خیانه‌تلێكراو و كۆچكردووی كه‌ركووك، كه‌ پشكی یه‌كێتی بوو، له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه گوتبوی:" ‌16ـی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێك بوو خه‌ڵكی كه‌ركووكی خسته‌ ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران، ئه‌وانه‌ی له‌ 16ـی ئوكتۆبه‌ر خیانه‌تیانكرد ناتوانن په‌ڵه‌ی ڕه‌شی ‌سه‌ر ڕوخساریان بسڕنه‌وه‌،‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك جارێكی دیكه‌ متمانه‌یان پێ ناكاته‌وه‌ و به‌ناپاك و خیانه‌تكار پێناسه‌یان ده‌كه‌ن". 

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتیش بۆ به‌شدارینه‌كردنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و شاره‌، نه‌جمه‌دین كه‌ریم باسی لەوەکردبوو: "من به‌رگریی له‌ پارتی ناكه‌م، چونكه‌ پارتی پێویستی به‌ به‌رگریكردنی من نییه‌ و خۆی ده‌توانێت به‌رگریی له‌خۆی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ پارتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نیشانداوه‌، چونكه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی ئێستا كورد له‌ كه‌ركووك هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ماوه‌".

مەلا بەختیار: نابێت له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی وه‌ك 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌رده‌وامبین

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ یه‌كێك له‌ په‌یامه‌كانیدا لەسەر خیانه‌ته‌كه‌کە دووپاتی کردەوە‌: "كلتوری ئێمه‌ كلتوری شكاندن و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتره‌، نه‌ك كلتوری هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه‌گرتن، نابێت ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵانه‌ به‌رده‌وامبین و له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی وه‌ك 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌رده‌وامبین".

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی پێشوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی؛ ئه‌و ڕووداوە‌ هیچی کەمتر نەبوو لە پەلامار و ستەمەکانی حکوومەتەکانی پێشوو

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئەندامی ئه‌وكاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی كرده‌وه‌: "به‌هۆی ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر نیوه‌ی خاكی كوردستانمان له‌ده‌ستدا، ئه‌و ڕووداوانه‌ هیچیان کەمتر نەبوو لە پەلامار و ستەمەکانی سەردەمی حکوومەتەکانی پێشوو، كه‌ دەکرایە سەر گەلی کورد".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حه‌سه‌ن بارام، جێگرى مه‌ڵبه‌ندى 16ـی ڕێكخستنى حه‌مرینى یه‌كێتیی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند: "به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وازم له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی هێناوه‌. "16ـى ئۆكتۆبه‌ر به‌ كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى مێژووى گه‌له‌كه‌مان ده‌زانم، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ده‌ستى له‌ ڕووداوه‌كانى 16ـی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌بووبێت پێویسته‌ به‌ردباران بكرێت".

لێکەوتەکانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر

دانانی ڕاکان جبووری بە پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر و لادانی هەشت بەڕێوەبەری کورد لە پۆستەکانیان و دانانی کەسانی عەرەب و تورکمان لەشوێنیان، 51 بەرپرسی بەش و هۆبەش کە بە هەمان شێوە کورد بوون لە پۆستەکانیان لادران. 

لە لایەنی ئەمنیشەوە کەرکووک دۆخێکی ناجێگیری هەیە، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر 413 جار چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان و کە بەهۆیەوە 42 سەرباز کوژراون. 

زۆربەی ئەو سەنگەرانەی پێشتر هێزی پێشمەرگەی لێبوون، ئێستا هێزە عێراقییەکانی لێ جێگیرکراوە. 

لەلایەنی کشتوکاڵییەوە، مەترسی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارە کوردەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان دروستبووە، بەوپێیەی عەرەبە هاوردەکان بەشێکیان داگیرکردووە و هەڕەشەشن بۆ سەر بەشێکی دیکە. کە تاوەکو ئیستا کێشەکە چارە نەکراوە و ساڵانە کیشەی جووتیارانی ئەو ناوچانە دووبارە دەبنەوە. 

لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، کورد 126 پۆستی لە کەرکووک لەدەست داوە

کورد لە کەرکووک نزیکەی 126  پۆست و بەرپرسیاریەتیی حکوومی لەدەستداوە، کە بەگوتەی بەرپرسێکی کورد، 27 پۆستیان باڵان، لەپۆستە گرنگەکان "پارێزگار کەبەم دواییانە بۆ شێوەی خولی بەکورد دراوەتەوە، قایمقامەکانی کەرکووک، دوبز، لەیلان و داقووق، هەروەها بەشێکی پۆستەکانی دیکە بەڕێوەبەری ناحیە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و جێگری بەڕێوەبەرەکان و تەنانەت بەڕێوەبەری بەش و ژووریشی تێدابووە".

حەسەن مەجید: پۆستی قایمقامەکانی هەرسێ قەزاکەی کەرکووک بە عەرەب دەدرێت

ڕۆژی دووشەممە، 14-10-2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاردراوە دەنگ لەسەر پەیرەوی ناوخۆ بدرێت، هەروەها جێگری پارێزگار بۆ تورکمان دانراوە لەکاتێکدا ئەوان بایکۆتیان کردووە، وە هەر سێ قەزاکەی کەرکووک پۆستی قایمقامەکانی بە عەرەب دەدرێت، کە ئەمە پێکەوە ژیان و هاوسەنگی نییە".