رووماڵ

محەممەد مەلا جیهاد: لە 16ـی ئۆکتۆبەر، یەکێتی خاکی کەرکووکی بە حەشد فرۆشت

پێشمەرگە و شایەتحاڵی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر محەممەد مەلا جیهاد، ڕایگەیاند: "بەبێ ئاگایی ئێمە، یەکێتیی دەستی بە فرۆشتنی کەرکووک کرد، بێ ئەوە دەربایسی خوێنی شەهید و دایک و باوکی شەهیدان و منداڵەکانیان بێت."

چوارشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2024، موقەدەم محەممەد مەلا جیهاد، پێشمەرگە و شایەتحاڵی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە کەرکووک، ئێمە نزیکەی دوو ساڵ لە سەنگەرەکان بووین، هەموو جوگرافیای ئەو ناوچانە شارەزا بووین، بە باش و خراپ، سەنگەری باشیشمان دروست کرد،  بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش بووینەوە و تێکمان شکاندن."

ئەو موقەدەمە دەڵێت: "بەبێ ئاگاداریی ئێمە، یەکێتی دەستی بە فرۆشتنی کەرکووک کرد، بێ ئەوە دەربایسی خوێنی شەهید و دایک و باوکی شەهیدان و منداڵانیان بن، بێ ئەوەی دەربایسی ئەو پێشمەرگە سەربڕاوانە بن، کە دایک و باوکیان جەرگیان دەکوڵا بۆیان، کەرکووکیان بێشەرمانە فرۆشت."

گوتیشی: "بەرەبەیانی 16ـی ئۆکتۆبەر کاتژمێر 2:30 بۆ  3:00ـی شەو، یەکێتیی لە سەنگەرەکانیان کەوتنە جووڵە و بە هێواشی لە کەرکووک کشانەوە ، هیچ شتێکیان بە ئێمە نەگوت. بەڵام دواتر هەموو زانیارییەکانمان پێ گەیشت، کە یەکێتیی سەنگەرەکانی بۆ حەشدی شەعبی چۆڵ دەکات بۆ ئەوەی بێتەقە و هیچ زیانێک بێنە ناو کەرکووکەوە."

باسی لەوەش کرد: "دوای ئەوەی کە گەڕانەوە خەڵکی کەرکووک کەرامەتی هێزەکانی یەکێتییان شکاندن و قسەیان بە هێزەکانیان دەگوت."

موقەدەم محەممەد مەلا جیهاد، ڕاشیگەیاند: "ئێمە ئەو شوێنانەمان بە خوێن ڕزگار کرد، 9 هاوڕێم بەیەک کاتژمێر لەو ناوچانە شەهید کران، سەدان پێشمەرگەی دیکەش لەو ناوچانە شەهید بوون کە ئەوان ڕادەستی میلیشیاکان و حەشدی شەعبییان کرد، ئێمە ئەو خاکەمان بە گیانی خۆمان پاراست و بەرگرییمان لێ کرد، بەڵام یەکێتیی بە بەبێ تەقە ڕادەستی حەشدی کردن."