جووتیارانی کەرکووک: لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تاکوو ئێستە زەوییەکانمان لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبدان
حەوت ساڵ بەسەر خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 تێپەری لە کەرکوک، جووتیارانی کورد لەناوچەدابڕاوەکان زەرەرمەندی یەکەمی ئەو ڕووداوەن، جووتیارێکی کورد لە باشوری کەرکوک دەڵێت: "لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تاکوو ئێستە زەویەکانمان لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبدان و هۆکارەکەشی خیانەتی 16ـی ئۆکتوبەر بوو."
زەرەرمەندی یەکەمی خیانەتی 16ـی ئۆکتوبەر، جووتیارانی کوردی ناوچەدابڕاوەکانن، حەوت ساڵە بەردەوام زەوییەکانی محەممەد مەلا ئیسماعیل، لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبدان.
محەممەد مەلا ئیسماعیل، جووتیار لە تۆپزاوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "نەوەکانمان بەوە گۆش دەکەین کە ڕۆژێکی ڕەش هات بەسەر میللەتی کورددا، ئەویش خیانەتە گەورەکەی 16ـی ئۆکتۆبەرە، بەهۆی ڕادەستکردنی کەرکووک لەلایەن یەکێتی بە میلیشیاکان و حەشدی شەعبی، زەوییەکانمان لەدەست دا و شکۆی پێشمەرگەشیان شکاند و بوونە هۆی داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک."
لە باشوری کەرکوکەوە تا سەرگەڕان، زەوی و زاری جووتیارانی کورد لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبدایە. لەناو شاریش هەوڵی سڕینەوەی کورد بەردەوام بووە.
عادل ئەحمەد، هاووڵاتی دەڵێت: "ئەمڕۆ 16ـی ئۆکتۆبەرە، ڕۆژە ڕەشەکەم بیر دەکەوێتەوە کە یەکێتی کەرکووکیان فرۆشت".
محەمەد شوک، هاووڵاتی گوتی: "لە 16ـی ئۆکتۆبەردا، خیانەتەکە ئەوەندە گەورەیە نازانین چی بڵێن. لەو ڕۆژە ناخۆشتر نییە، بەخۆمان دەگوت 'ئیتر کەرکووک نابینینەوە' خەڵکی کەرکووکم دەبینی سەیارەکەی بەجێ دەهێشت و ڕای دەکرد. ڕۆژێکی زۆر ناخۆش بوو. 16ـی ئۆکتۆبەر ڕۆژی ڕەشی کورد و کەرکووک بوو."
لێکەوتەکانی دوای 16ـی ئۆکتوبەری 2017 هێشتا لەکەرکوک ماوەو پێ ناچێت وا بەئاسانی کۆتاییان پێ بێت، ماوەی حەوت ساڵە هیچ ڕۆژێک تێ نەپەریوە کە هێزە ئەمنییەکان نەچنە سەر جووتیارانی کورد.