رووماڵ

سەرۆک وەزیران: پێویستە خەڵکی ئێمە بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە، کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی 21 پرۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا و دواتر گوتارێکی پێشکەش کرد و لە کۆتا بەشی گوتارەکەیدا باسی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە، کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا."

هەروا گوتی: "سوپاس بۆ خوا و پشتیوانیی میللەتەکەمان، پلانی نەیاران و دوژمنان سەری نەگرت کە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییان لە کوردستان کرد و نەیانهێشت پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت."

مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە: "ئەوەی گرنگە، خەڵکی ئێمە ئەم خیانەتە مەزنە لە بیر نەکەن و دەبێ بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان، سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن بۆ ئەوەی چیتر خیانەت بەردەوام نەبێت."