لیوا حەمە ڕێگر: یەکێتیی ڕێککەوتنی کردبوو حەشد بەبێ تەقە بێتە ناو کەرکووکەوە

فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کەرکووک ڕایگەیاند: "یەکێتیی لیواکەیان لە کەرکووک کشانەوە بۆ لەیلان و ئەو ناوچە دوورانەی کەرکووک، بۆ ئەوەی سوپا و حەشد بەبێ تەقە بێنە ناو کەرکووکەوە و داگیری بکەن".
چوارشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2024، لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "یەکێتیی بەڵێنی بە حەشدی شەعبی و میلیشیاکان دابوو، خوێن لە لووتی یەک حەشد و میلیشیا نایەت کە دێنە ناو کەرکووکەوە".
ئەو لیوایە دەڵێت: "یەکێتیی لیواکەیان لە کەرکووک کشانەوە بۆ لەیلان و ئەو ناوچە دوورانەی کەرکووک، بۆ ئەوەی سوپا بەبێ تەقە بێتە ناو کەرکووکەوە و داگیری بکات".
دەشڵێت: "یەکێتیی بەوەشەوە نەوەستا، لەگەڵ حەشد دا ویستیان بێن هەولێریش داگیر بکەن".
باسی لەوەش کرد: "یەکێتیی دەزانێت حەشدی شەعبی لە لادێکان دەچێتە سەر ماڵە کوردەکان، دەریان دەکات لەسەر زەوی و موڵک و ماڵی خۆیان کە هی باب و باپیریانە، ئێستە خەڵکەکە ڕا ئەگوازنەوە و موڵکەکانیان داگیر دەکەن، عەرەبی باشوور و ناوەڕاست لە جێ و ماڵیان دادەنێن و کەرکووک تەعریب".
حەمە ڕێگر، ئاماژەی بەوەش دا: "پارێزگاری ئیستەی کەرکووک بەناو کوردە، بە ڕێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ عەرەبی شۆڤێنی دایان ناوە، بەو مەرجەی بە هیچ شێوەیەک دەست لە یەک عەرەب نەدرێت لە کەرکووک، عەرەب چۆنی بوێت وا بکەن".
ڕایگەیاند: "پارێزگار دەچێتە ماڵە کوردەکان دەڵێت: ئەمە تەجاوزە بۆ ئەوەی دەریان بکات و هیچ دەسەلاتێکی نییە و دەسەڵات بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە، هەتا یەک حەشد لە کەرکووکدا هەبێت، کورد هیچ دەسەلاتێکی نییە".