ئانچێلۆتی و گواردیۆلا رازی نەبوون ببن بە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند

ئانچێلۆتی. تۆخێل و گواردیۆلا
ئانچێلۆتی. تۆخێل و گواردیۆلا

گاری لینکەری یاریزانی پێشووی ئینگلاند ئەوەی دووپاتکردەوە، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی چەند جارێك پەیوەندیان بە ئانچێلۆتی و گواردیۆلاوە کردووە بۆ ئەوەی ببن بە راهێنەری هەڵبژاردەی سێ شێرەکە، پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ تۆماس تۆخێل بکەن.

هەڵبژاردەی ئینگلاندی ئێستا زۆرینەی یاریزانەکانی ئەستێرەن، بەڵام ئەنجامەکانی بە دڵی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە نین بۆیە بیریان لە راهێنەرێکی دیکە کردەوە، تاوەکو بتوانێت ئەنجامێکی شایستە بە هەڵبژاردەکە بەدەسبهێنێت لە پاڵەوانێتییەکان.

لینکەر بۆ رادیۆی بی بی سی بەریتانی ئەوەی ئاشکراکردووە: ئەم هاوینە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی لەگەڵ پیپ گواردیۆلا و ئانچێلۆتی قسەیان کردووە بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرتووە.

گاری هۆکاری هەوڵدانی فیدراسیۆنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە: کە ئانچێلۆتی ماوەی دوو ساڵ راهێنەری یانەی چێڵسی بووە و نازناوەکانی پرێمەرلیگ و جامی فای بەدەستهێناوە و ساڵ و نیوێکیش راهێنەری ئیڤەرتۆن بووە.

یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی سێ شێرەکە دەڵێت: ئەنجامەکانی گواردیۆلا لەگەڵ مانچێستەر سیتی نایابن بۆیە فیدراسیۆنی وڵاتەکەی ویستوویانە بیکەن بە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند.

تۆماس تۆخێل رۆژی 2024/10/16 بوو بە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند و تا کۆتایی مۆندیالی 2026 بەردەوام دەبێت، راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆند، پاریس سانجێرمان و چێڵسی کردووە.