بەرەی تورکمانی لە دۆخی ئەمنیی کەرکووک ناڕازییە

بەرەی تورکمانی عێراقی داوا لە سەرۆکی حکوومەتی عێراق دەکات ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک، هاوکات جەختیش لەسەر پاراستنی پێکهاتەی تورکمان لەو پارێزگایەدا دەکەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـ10-2024، بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی حکوومەتی عێراق کرد "ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک، هاوکات جەختیش لەسەر پاراستنی پێکهاتەی تورکمان لەو پارێزگایەدا دەکەنەوە."

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لەم دواییانەدا زنجیرەیەک پێشێلکاری ئەمنیی تێکدەر لە پارێزگای کەرکووک ڕوویان داوە، کە ڕاستەوخۆ پێکهاتەی تورکمانی تێدا کراوەتە ئامانج، هەر لە تیرۆرکردنی ئەحمەد تاهیر لە 3/3/2023 دەست پێ دەکات تا دەگاتە ڕووداوی ئاگرەکەی قەیسەری و خان ​قیردار لەبازاڕی گەورە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ڕێکخراوی پەکەکە تێوەگلابوو."

ئاماژە بەوەش کرا "لە ڕووداوێکی دیکەدا کە ڕۆژی هەینی 18-10-2024، کاتژمێر شەشی بەیانی  لەلایەن چوار چەکدارەوە هێرش کرایە سەر ماڵی برای بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی ئاسمانی تورکمان ئێلی، کە هەڕەشەیان لێ کردوون."

بەرەی تورکمانی عێراق، جەختیشی کردەوە "ئەم زنجیرە هێرشە تیرۆریستییانەی کە دەکرێتە سەر پێکهاتەی تورکمان، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ تێکدانی ئیرادەی تورکمان و کارکردن بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن، بۆ تێکدانی ئارامی کۆمەڵگا لە کەرکووک."

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە "داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕووداوانە بکات و دڵنیابێت لەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، وەک ئەوەی لە دۆسیەی ئاگرکەوتنەوەکانی قەیسەری ڕووی دا."

دەشڵێن: "داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکەین تەواوی خاکی پارێزگای کەرکووک کۆنترۆڵ بکات، ئەو ناوچانە بوونەتە جێگای باندە تیرۆریستییەکان."