ئەلینا ڕۆمانۆوسکی: گرنگە هەموو دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن
کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. هەروەها لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژی دەنگدانە بۆ پەرلەمانی کوردستان، گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن و دەنگی خۆیان بگەیێنن."
گوتیشی: "دەنگدان بڕبڕەی پشتی حوکمڕانییەکی دیموکراتی سەرکەوتووە، هەروەها هانی گشت پارتە سیاسی و لایەنە بەرپرسەکان دەدەین، دڵنیایی بدەن کە دەنگدانەکە ئازاد و دادپەروەرانەیە و بەبێ توندوتیژی چاوترساندنە، دەنگدانەکە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکە."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق، هەروەها پێکەوە کار لەسەر پێشخستنی هاوبەشییە گشتگیرە 360 پلەییەکەمان لەگەڵ گشت خەڵکی عێراق دەکەین، لەو نێوەندەشدا خەڵکی هەرێمی کوردستان."
Today is election day in the IKR. Voting is the backbone of a successful democracy, and we encourage all eligible voters in the IKR to participate in the parliamentary elections and make their voices heard. pic.twitter.com/olLVbjZjN7
— U.S. Consulate General Erbil (@USCGERBIL) October 20, 2024