دەنگدەرێک: دەنگدان وەکوو نوێژ فەرزە

دەنگدەرێکی سێمێل
دەنگدەرێکی سێمێل

ئەو هاووڵاتییانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان کردووە بە پێویستی دەزانن هەموو دەنگدەران بەشداریی پرۆسەکە بکەن. دەنگدەرێک دەڵێت: "دەنگدان وەکوو نوێژ فەرزە."

کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتییدا دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.

هاووڵاتییەکی بە تەمەنی سێمێل بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئەمڕۆ دڵـم زۆر خۆشە، بەیانیی زوو لە خەو هەستام بۆ ئەوەی یەکەم کەس بم دەنگ بدەم و پێش کاتژمێر 07:00 گەیشتمە بنکەی دەنگدان، بەڵام سەیرم کرد کەسانێک پێش من هاتوون و لە من زیرەکتر بوون، بە هەر حاڵ دەنگمان دا و ویژدانی خۆمان ئاسوودە کرد."

ئەو هاووڵاتییە بە پێویستی دەزانێت هەموو ئەو هاووڵاتییانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان هەیە، دەنگ بدەن، چونکە وەکوو خۆی گوتی: "دەنگدان، ئەرکێکی نیشتمانی و ئاینییە، پێموایە وەکوو نوێژ فەرزە." باسی لەوەش کرد "دەبێت ئەمڕۆ پاداشتی ئەو لایەنە بدەینەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستانی دامەزراندووە، پێشی خستووە و دەیپارێزێت." 

هاووڵاتییەکی دیکەی سێمێل بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "دەنگدانی ئەمجارە گرنگ و چارەنووسسازە. ئەگەر ئەمڕۆ دەنگدەر، بەشداریی نەکات، کەسانی دیکە لە جیاتی ئەو، بڕیار لەسەر چارەنووس و حوکمڕانیی چوار ساڵی ئاییندە دەدەن، بۆیە زۆر گرنگە هەمووان بەشدار بن." 

لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێریش، دەنگدەرێک بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 06:30 خولەکی بەیانی هاتووەتەمە ئەم بنکەی دەنگدانە؛ سوپاس بۆ خوا دەنگم بە ئارامی، ئاوەدانی، سەقامگیریی و خۆڕاگریی دا کە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دا." گوتیشی: "دەبێت وەفامان بۆ شەهیدانمان هەبێت و دەنگ بەو لایەنە بدەین کە بە درێژایی مێژوو خەباتی کردووە و خوێنی ڕشتووە بۆ ئەوەی ئێمە بە سەربەرزیی بژین." 

هاوکات، دەنگدەرێکی زاخۆ بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک بەڕێوە دەچێت و لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەنگم دا، ئاسانکارییەکی زۆر کراوە. هیوادارام هەموو هاووڵاتییان بەشداریی لەم پرۆسە دیموکراسییە بکەن."