کۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریی تاوەکوو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بڵاو کردەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەیی بەشداریی دەنگدەران تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی تا ئەو کاتە گەیشتووەتە 31٪.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن ڕێژەیی بەشداریی بەپێی بازنەکان بەم شێوەیە بووە:
- بازنەی هەولێر: 34%
- بازنەی سلێمانی: 29%
- بازنەی دهۆک: 31%
- بازنەی هەڵەبجە: 33%
کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.
ژمارەی دەنگدەرانی گشتیی بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 933,115 دەنگدەر
بازنەی سلێمانی: 1,008,412 دەنگدەر
بازنەی دهۆک: 682,791 دەنگدەر
بازنەی هەڵەبجە: 59,300 دەنگدەر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 266 بنکە و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگەی دەنگدان
بازنەی سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگەی دەنگدان
بازنەی دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگەی دەنگدان
بازنەی هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگەی دەنگدان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بەشداری سەدا 97 بوو.