گوتەبێژی پێشووی کۆمیسیۆن: لە ڕانیە هەندێک هێز لەناو بنکەکان دەبینین کە جێگای قبوڵ نییە

کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. هەروەها لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.
شێروان زرار، گوتەبێژی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕانیە ڕایگەیاند "کیشەی پەنجەمۆری دەنگدەران گرفتێکە کە لە هەڵبژاردنەکان دووبارە دەبێتەوە، بۆیە دەبوایە کۆمیسیۆن لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو ئەو گرفتەی چارە کردبایە و ئامێری پێشکەوتووی بەکار هێنابایە."
ئاماژەی بەوەش کرد "هەندێک ڕێنمایی کۆمیسیۆن هەیە جێ بەجێ ناکرێت، هەروەها ئێمە پۆلیسی پاراستنی بنکەکانمان هەیە، بەڵام هەندێک هێز لەو بنکانە دەبینین کە جێگای قبوڵ نییە، ئەوان ئەرکیان ئەوەیە لەدەرەوە پاریزگاری لە بنکەکان بکەن نەک لەناو بنکەکان. کە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان سکاڵا تۆمار دەکەن."
شێروان زرارگوتیشی: "ئومید دەکەین هەموو لایەک پابەند بین، چونکە ئەو ئەنجامەی دەردەچێت لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان دایە، هەروەها ئەنجامەکان هەموو لایەنە سیاسییەکان لە داهاتوودا لەسەر مێزێک کۆ دەکاتەوە کە پەرلەمان و حکوومەتە."
باسی لەوەش کرد، ئومێد دەکەین هەمووان بەشداری دەنگدان بکەن و نیشانی جیهانی دەرەوە و ناوخۆ بدەن کە میللەتەکەمان هۆشیارە.
ژمارەی دەنگدەرانی گشتیی بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 933,115 دەنگدەر
بازنەی سلێمانی: 1,008,412 دەنگدەر
بازنەی دهۆک: 682,791 دەنگدەر
بازنەی هەڵەبجە: 59,300 دەنگدەر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 266 بنکە و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگەی دەنگدان
بازنەی سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگەی دەنگدان
بازنەی دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگەی دەنگدان
بازنەی هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگەی دەنگدان کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بەشداری سەدا 97 بوو.