بە ڤیدیۆ ببینە.. لە سلێمانیش عەرەب دەنگدەدەن
بەهۆی کەمیی ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی لە بازنەی سلێمانی، یەکێتی لە دوای گەرمیان، لە سلێمانی و دەوروبەریدا عەرەبی بە پارە بردووە بۆ دەنگدان.
لە بنکەیەکی گەڕەکی کارێزەی وشک لە سلێمانی، ژمارەیەک گەنجی عەرەب بەرانبەر بە پێدانی پارە بردراون بۆ دەنگدان، تەنیا لە وێستگەیەکی بنکەکە 10 کەسی عەرەب هەبوون، یەکێک لە گەنجە عەرەبەکان دەڵێت: "تەنیا لێرە لە سلێمانی نییە، بەڵکو لە پیرەمەگروون و چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە پارەیان داوە بە گەنجانی عەرەب بۆ ئەوەی دەنگ بە یەکێتی بدەن."
بە گوێرەی بەدواداچوونی کوردستان24، یەکێتی کارتی دەنگدانی بۆ ئەو گەنجە عەرەبانە ساختە کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری بازنەی سلێمانی ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، چاودێرێکی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن بە کوردستان24ی گوت: "لە هەندێک لەو بنکانەی چووم بۆ وەرگرتنی ئامار و زانیاری، خەڵکی عەرەبم بینیوە و هێناویانە بۆ ئەوەی دەنگ بدات، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی کوردی سنووری ماددەی 140 مافی دەنگدانیان نییە، کەچی عەرەبیان هێناوە کە ناشتوانێت بە کوردی وشەیەکیش بڵێن، کەچی هێناویانن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن لایەنی سیاسیی باڵادەستی سنوورەکە."
هەروها ڕاشیگەیاند "لە کۆمیسیۆن سکاڵایان تۆمار کردووە و دەبێت لە سەر هێنانی خەڵکی عەرەب و بەشداری پێکردنیان لە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوە بدات."
لەلایەکی دیکەوە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە کورتە ڤیدیۆیەکدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و بە گاڵتە پێکردنەوە باسی شڵەژانی سەرۆکی یەکێتی دەکات و دەڵێ "بافڵ تاڵەبانی داوا لە خەڵکی دەکات بچن دەنگ بدەن، چونکە لیستەکەی کێشەی هەیە." لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "بافڵ خۆی 169 کێشەی دروستکردووە."
ئەمە لە کاتێکدایە لە دەنگدانی تایبەت کە 18ی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کاندیدێکی ڕەیان کلدانی لە شارۆچکەی چوارتای دەڤەری شارباژێر 14 هێندەی یەکێتی دەنگی هێناوە، کەچی هیچ خێزانێکی کریستیان لەو سنوورە نیشتەجێ نین.